چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەبێتە وەرچەرخانێکی ئابوری بۆ عێراق

ڕۆژی سێشەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا، ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ھاوبەش ئیمزا کرا. بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داھاتەکەی لە ھەژمارێکی بانکی تایبەتدا ھەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، حکوومەتی عێراقیش پشکی ١٢.٦٧%ی بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات. بەگوتەی لایەنەکان و شارەزایانی بواری ئابووری، ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، دەسکەوتێکی گرنگە و ھەنگاوێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.

دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانیان بڕی، ھەرێمی کوردستان ناچار بوو نەوت ھەناردە بکات و ڕێکارەکانی ھەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستاندا. مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز.
لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق سەبارەت بە دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ھاتووە: ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت، دەبێتە بنەمایەک بۆ سەردەمێکی نوێی ھاوکاریی بەھێز و بەردەوام لە نێوان ھەولێر و بەغدا.
یۆنامی، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق پێشوازیی لە ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا دەکات و لە تویتێکدا نووسیویەتی: دەستخۆشی لە ڕێککەوتی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
یۆنامی باسی لەوەشکردووە، ڕێککەوتنەکەی ھەرێم و بەغدا ھەنگاوێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی یەکگرتوویی وڵات و گەشەکردنی ئابووری عێراق لەپێناو خزمەتکردنی ھەموو عێراقییەکاندا.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەسەر ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ھەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و ھەولێر لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز، کاریگەری ئەرێنی بەسەر ھەرێمی کوردستان و تەنانەت بەسەر عێراقیش دەبێ و خزمەت بە ھەردوولا دەکات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیمزا کرا، دەروازەیەکی ئەرێنی دەبێت بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بەشێوەیەک، ڕەنگە لە سەرەتای مانگی داھاتوو پەسند بکرێت و پرۆسەی پەسەند کردنەکە خێرا دەبێت، چونکە ئەم ڕێککەوتنە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە دەکات.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتی: ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە دەستپێکێکی نوێ لەنێوان ھەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە چارەکردنی دۆسیەی نەوت لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیکردەوە: خاڵە جەوھەرییەکان کە جێی ناکۆکی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوون لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا چارەکراون، کە پێشتریش ھەرێم ئامادەیی تەواوەتی بۆ چارەکردنیان بەشێوەیەکی یاسایی و دەستووریی نیشاندا بوو، بۆیە لەم ڕێککەوتنەدا دەستوور کراوەتە بنەما و دۆسیەی نەوت بە ھاوبەشی بەڕێوە دەبردرێت، بۆیە لەمەودوا ھیچ لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر ھەرێمدا بسەپێنێت، کە ھەرێم پێشتریش ئەمەی قبووڵ نەبووە.