هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

دواهەمین داوکاری گشتی دژی نازییەکان کۆچی دوایی کرد

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، بنیامین فێرێنسی ئەمەریکی، دواهەمین داواکاری گشتی لە دادگاییکردنی نورنبێرگ، لە تەمەنی 103 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دۆناڵد فێرێنس، کوڕەکەی بنیامین فێرێنس رایگەیاندووە، شەوی هەینی باوکی لە خانەی بەساڵاچوواندا لە ویلایەتی فلۆریدا لە خەودا گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر باوکم بیەوێت یەک لێدوانی کۆتایی بدات، دڵنیام دەیگوت: یاسا نەک شەڕ.

بنیامین فێرێنسی، لە ساڵی 1947 کە تەمەنی بیست و حەوت ساڵ بووە، بە نوێنەرایەتی ئەمەریکا سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کردووە، لە دادگاییکردنی 22 سەرکردەی “یەکەکانی کوشتنی گەڕۆک” کە دوای پێشڕەویەکانی ئەڵمانیا لە ئەوروپای رۆژهەڵاتەوە هاتبوون.

بەپێی بەڵگەنامەی نازییەکان، فێرێنس، ژمارەی کوژراوانی ئەو جولەکانەی بە فیشەک کوژراون، بە زیاتر لە ملیۆنێک پیاو و ژن و منداڵی خەملاندووە.

بنیامین فێرێنس، لە جەنگی جیهانی دووەمدا وەرگیرا و لە ئەوروپا شەڕی کردووە، پێش ئەوەی راسپێردرێت بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی نازیەکان.

لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ژیانی مەدەنی، لە تیمی داواکاری گشتی ئەمەریکا لە شاری نورنبێرگ لە باڤاریا دامەزرا، هاوپەیمانان 13 دۆسیەی تاوانەکانی نازیەکانیان دادگایی کرد، ئەمەش بناغەکانی سیستەمی دادوەری تاوانکاری نێودەوڵەتی دانا.

دواتر لە ئەوروپا لەسەر بەرنامەی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی نازییەکان کاری کردووە.

دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا، خۆی تەرخان کرد بۆ کارێکی یاسایی لە ئۆفیسەکەیدا، بەهۆی ناڕەزایی لە شەڕی ڤێتنام، وردە وردە لە ساڵانی حەفتاکان کشایەوە بۆ نووسین و داکۆکیکردن لە دامەزراندنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی.

فێرێنسی لە چاوپێکەوتنێکی دەگمەندا لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا لەگەڵ “CBS”دا گوتی:  ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا “تاوانبارێکی جەنگە” و پێویستە رووسیا لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا دادگایی بکرێت.

فێرێنس لە چیای کاربات، لە ئەوروپای ناوەڕاست، لە دایک و باوکێکی جولەکە لەدایک بووە، لە تەمەنی 10 مانگیدا لەگەڵ خانەوادەکەی چووەتە ئەمەریکا، لە زانکۆی هارڤارد خوێندنی یاسای تەواوکردوە.