بەئەلکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە پارێزگای دهۆک دەست پێ دەکات

دوای بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی فۆرمی خۆراک بەئەلیکترۆنی بکرێت، لەسەر ئاستی عێراق پارێزگای دهۆک وەکوو دووەم پارێزگا دیاری کراوە کە فۆرمی خۆراکی لێ بەئەلیکترۆنی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی کرداری بۆ ئەو پرۆسەیە دەستی پێ کردووە و خولی ڕاهێنان بۆ کارمەندانی پرۆسەکە کراوەتەوە.

میللەت عیسمەت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی پارێزگای دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”لە دوای پارێزگای نەجەف، دهۆک دووەم پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق فۆرمی خۆراکی لێ دەکرێتە ئەلکترۆنی و ئێستا خولی ڕاهێنان بۆ کارمەندانی ئەو پرۆسەیە کراوەتەوە و دوای تەواوبوونی خولەکە دەست بە هەنگاوی کرداریی پرۆسەکە دەکرێت.”

سکرتێری ڕۆژنامەوانیی پارێزگای دهۆک گوتیشی: ”هەفتەی ڕابردووش شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی عێراق سەردانی پارێزگای دهۆکیان کرد بۆ هەمان مەبەست و لەگەڵ پارێزگاریش کۆ بوونەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە پارێزگای دهۆک دەست پێ بکات.”

بەئەلکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک هەنگاوێکی گرنگە و دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسانکاریی باش بۆ هاووڵاتیان بکات .