فارس عیسا : باس له‌ رێکاره‌كانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە ده‌كات

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاشکرای کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت لە عێراق بەشدار دەبێت و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەچێتە سەر ژمارە حیسابێکی تایبەتی حکوومەتی هەرێم، کە هەر خۆشی دەسەڵاتی بەسەر داهاتەکەدا دەبێت.

فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، یەکەم خاڵی رێککەوتنەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوەیە، کە جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ کورد دەبێت و لە ئیدارەدانی کۆمپانیاکە بەشدار دەبێت، کە لە داهاتوودا بەپێی دەستوور کار بکات، بۆیە ئەو کەسەی دەبێتە نوێنەری حکوومەتی هەرێم، بەشێک دەبێت لەو بڕیارانەی لە کۆمپانیاکە دەدرێن، جگە لەوەش لیژنەیەکی چوار کەسی دوو کەس لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و دوو کەس لە وەزارەتی نەوتی عێراق سەرپەرشتیی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن و داهاتەکەشی دەچێتە سەر هەژمارێکی تایبەتی حیسابی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەردوو چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان چاودێری دەکەن، بۆ ئەوەی بۆ هەمووان شەفاف بێت، گەرنا هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر داهاتەکە بدات و خۆی دەسەڵاتی بەسەر داهاتی خۆیدا دەبێت.

عیسا گوتیشی، بڕیارە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێنەوە، مەبەست لە هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەوەیە، کە نەوت بە نرخێکی باشتر بفرۆشن و لە داهاتوودا کە یاسای نەوت و غاز دەردەچێت، ئەوکات دەسەڵاتەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق بەپێی دەستوور لە یاساکەدا دیاری دەکرێن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەو رێککەوتنەی کراوە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بووە، کە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدارن، بۆیە رێککەوتنەکە جگە لەوەی لە نێوان هەردوو حکوومەت کراوە، پاڵپشتییەکی سیاسیشی هەیە، نەک تەنها رێککەوتنێک بێت لە نێوان دوو حکوومەت.

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەوەشی خستە ڕوو، پێشتر زۆر جار هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکرا کە نەوت دەفرۆشێت و زیان بە هەموو خەڵکی عێراق دەگەیەنێت، بەڵام ئێستا دیار بوو کە راگرتنی نەوتی هەرێم چەند زیانی بە خەڵکی عێراق گەیاندووە، بۆیە حکوومەتی عێراق زیاتر هەوڵی داوە لەگەڵ هەرێم بگەنە رێککەوتن، چونکە فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کراوەتە بنەمایەکی سەرەکی، بۆیە  پێویستە حکوومەتی عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت، کە 400 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام دوای راگرتنی، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دۆخی عێراق هەبووە، بۆیە ئەوان زیاتر پەرۆشی رێککەوتن بوون، چونکە 64 ترلیۆن دینار لە بودجە کورتهێنان هەیە و ئەگەر راگرتنی نەوت بەردەوام بێت، ئەو رێژەیە زیاتریش دەبێت، بۆیە ئەوان ناچارن پابەندی رێککەوتنەکە بن و کێشە بۆ جێبەجێکردنی دروست نەبێت.

دەشڵێ، رێکاری دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە ئەوەیە، کە کۆمپانیای سۆمۆ نامەیەک بۆ کۆمپانیای هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەنرێت و پرۆسەکە دەست پێدەکاتەوە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە هەناردەکردن دەکرێتەوە، چونکە حکوومەتی عێراق جیددییە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.