بەهای نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 6-4-2023) بە دابەزین کرایەوە و، نرخی نەوتی برێنت گەڕایەوە خوارووی 85 دۆلار.
سەرەڕای بڕیارەکەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لەسەر کەمکردنەوەی رۆژانە 1.16 ملیۆن بەرمیل نەوت لە مانگی داهاتوودا لە بازاڕەکان، هەروەها کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، کەچی نرخی نەوت دابەزی.
ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە بڕی 83 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 80 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا 3 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل کەمیکردووە، کە نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیل زیاترە لە ئاستی پێشبینییەکان. قەبارەی بەنزین و بەرهەمە نەوییەکانیش بەهەمان شێواز دابەزینیان بەخۆیانەوە بینیوە.
جیۆڤانی ستانۆڤا، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی (یو بی ئێس) لەوبارەیەوە رایگەیاند “رەنگە لەبەر بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوو، وەبەرهێنەران بە وریاییەوە مامەڵەکانی خۆیان ئەنجامدابێت و نەوێرابن لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان گرەوبکەن”.
لە رۆژی دووشەممە نرخی نەوت لە دوای بڕیاری هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بەڕێژەی 6٪ بەرزبووەوە.
داتاکانی ئابووریی ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو بڵاوبوونەوە، ئاماژە بە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی ئەمریکا دەدەن، ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی خواست لەسەر نرخی نەوت دادەنێت.