مامۆستا نێچیروان جاسم وەلی مامۆستای یاریدەدەرە لە بەشی زمانی كوردی لە كۆلێژی زمانی زانكۆی سەلاحەدیندا؛ ماستەرنامەكەی بە ناونیشانی (ئێستاتیكا لە شیعری ناری و تاهیر بەگی جافدا) پێشکەش کردووە؛ تایبەت بە شیعرەكانی ناری دیدارێكمان لەگەڵیدا ساز داوە و، وا دەیخەینە بەر دەستی خوێنەرانی بەڕێز.
سەرەتا لەبارەی پەیوەندیی نێوان زمان و دەقی ئەدەبی و بە تایبەتی شیعر، مامۆستا نێچیروان دەڵێ سروشتی زمان بەپێی جۆری بەكارهێنانەكەی دەگۆڕێت، بە جۆرێك زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە لە زمانی شیعر جیاوازە. ئەم جیاوازییەش هەر بە هۆی خودی وشە و زاراوە و دەستەواژەكانەوە نییە، بەڵكو ئەنجامی شێوازی بەكارهێنان و پێدانی ئەرك و واتای تر و جۆری ڕێكخستنی وشەكانی نێو سیاقی ڕستەیە لە شیعردا. شاعیر لە دەقی شیعرەكەیدا هونەریانە و بەجیاوازتر لە شێوازی زمانی ئاسایی ڕۆژانە، مامەڵە لەگەڵ وشەدا دەكات. بۆیە وشە لە شیعردا، زۆرجار لە ماناكەی كلاسییكەكە خۆی دادەبڕێت و مانای نوێ وەردەگرێت بەو جۆرێك وشەكە وێڕای مانا زانراوە قامووسییەكەی خۆی، مانا و ناوەڕۆكی نوێی پێ دەدرێت. شاعیر هەوڵ دەدات تا پێی دەكرێت زمانەكەی پتەو بەهێز و جوان بكات و واتای قوڵ و تایبەتی بداتە وشەكانی و بەهۆیەوە ئاستی شیعرەكەی بۆ ئاستێكی باڵا ببات.”
تایبەت بەو ئاستانەی لادانی زمانییان لە شیعری ناری تێدا ڕوو دەدات، چین؟ لە وەڵامدا مامۆستا دەڵێ: “لە هەموو ئاستەكانی زماندا ڕوو دەدات، بە جۆرێك دەكرێت بۆ چەند ئاستێك دابەشی بكەین: لەوانە ئاستی دەنگسازی، لە ئاستی دەنگسازیشدا چەند دیاردەیەكی دەنگی لەخۆ دەگرن، لەوانە: قرتاندن، زیادكردن و هتد.
هەر لە خاكی ڕووسەوە تا ڕۆم و بلغار و حەبەش
كەس نییە ڕازی بە تەقسیم ئەزەل بێ یا بە بەش
ناری شاعیر لە نیوە دێڕی یەكەمدا لەبری وشەی (حەبەشە)، وشەی (حەبەش)ی بەكار هێناوە و دەنگی (ە)ی لە كۆتایی ناوەكەدا قرتاندووە، ئەمەش لەبەر پێویستیی مۆسیقای شیعرەكە بووە، واتە لەبەر پێویستیی سەروا بووە و لەهەمان كاتیشدا ناوازەیی و جوانییەکی دیکەی بە دێڕەكەدا داوە.
ناری لە دەری حەزرەتی مەحموودە تەمەننای
دەرمانی عیلاجی دڵەكەی تازە دزاوم
ناری لە نێوە دێڕی دووەمدا دەنگی (ر) لە كاری (دزراوم) قرتاندووە، بەمەش لادانە لە شێوەی ئاسایی بەكارهێنانی ئەو فرمانە و جوانییەکی بە دێڕەكە داوە.
چونكە هەمدەردی سولەیمانم لە سیحری دێوەدا
مەسڵەحەت وایە بڕۆم بۆ خۆم بە هەرد و كێوەدا
ناری لە نیوە دێڕی یەكەم و دووەمی ئەو دێڕەدا دەنگی (ە)ی بۆ كۆتایی وشەكانی (دێو) و (كێو) زیاد كردووە، ئەم زیادكردنە لادانە، لەبەر سەروای شیعرەكەیە، ئەگەر ئەو دەنگە (ە)ی بۆ سەر هەردوو وشەكە زیاد نەكردایە، ئەوا سەروای شیعرەكە كەموكووڕیی تێ دەكەوت و مۆسیقای شیعرەكە تێكدەچوو، بۆیە شاعیر لادانی لە بنیاتی دروستی ئەو دوو وشەیەدا كردووە و ئەو دوو دەنگەی بۆ زیاد كردوون، ئەگەرنا لە بنچینەدا (لە سیحری دێو) و (بە هەرد و كێودا) بوو. دیسانەوە ئەمەش سەرەڕای پێویستیی سەروا هاوكاتیش جۆرە ناوازەیی و قەشەنگیی بە دێڕەكە داوە. هەرچی ئاستی وشەسازی و ڕستەسازییە ئەوا لەو ئاستانەش ناری بە جیاوازتر لە زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە وشە بەكار دەهێنێت، بە واتای ئەوەی مامەڵەیەكی هونەریانە لەگەڵ وشەدا دەكات و زۆرجار لە داڕشتن و ڕۆنانی باو و بەكارهێنانی ئاسایی وشە لا دەدات و بە جۆرێكی جیاوازتر وشە ڕۆدەنێت و پەیڤی نوێ دەهێنێتە ناو زمانی شیعرییەوە.
تازەصەییادە لە چینۆ هاتووە
عیدی قوربانە، بە قوربانی دەبین
ناری لە نیوە دێڕی یەكەمدا وشەی (تازەصەییاد)ی ڕۆناوە و لە وشەی سادەی (تازە) و وشەی عەرەبیی (صەییاد) دروستی كردووە. ئەمەش لادانە لە ڕۆنانی وشە باوەكان، بەهۆی ئەوەی پێش شاعیر، ئاوەڵناوی (تازە) لەگەڵ ئەو چەشنە وشانە بەكار نەهاتووە و شاعیر لەو جۆرە ڕۆنانە لای داوە و وشەیەكی نوێی دروست كردووە.
لە مەیدانی فەساحەتدا، سەداقەت
وڵاغی تەبعی شیرین خستە یەڵغار
شاعیر لە نیوە دێڕی یەكەمدا جێناوی سەربەخۆی كەسی سێیەمی تاك (ئەو) ی لا بردووە و لە نیوە دێڕی دووەمیشدا جێناوی لكاوی (ی)ی كەسی سێیەمی تاكی لا بردووە.
نەما یەكسەر نەخۆشیم و بەسەر چوو میحنەت و شینم
ڕمووزی سركەئامێزن، تەبیبی دەفعی خەزرا بوو
ناری لە نیوە دێڕی یەكەمدا هەردوو كاری ڕستە لێكدراوەكەی پێش خستووەتە و بەركاری دوا خستووە، كە خۆی دەبووایە وا بووایە: (یەكسەر نەخۆشیم نەما و میحنەت و شینم بەسەر چوو). شاعیر جەختی لەسەر هەردوو فرمانەكە كردووە و بۆ دەرخستنی مەبەستی خۆی پێشی خستووە.
بۆ ئەكەی باوەڕ بە حەرفی پووچ و ناپاكی ڕەقیب
تۆ كە ئاگاهی لە وەزع و حاڵەتی گەردنكەچیم
ناری لە نیوە دێڕی یەكەمدا كارەكەی هێناوەتە پێشەوە و بەشی یەكەمی فرمانەكە لێكدراوە خراوەتە پێش بەشی دووەمەوە، لە بنەڕەتدا لەڕووی ڕیزبوونی كەرەستەوە دەبووایە بەم جۆرە بووایە: (بۆ باوەڕ بە حەرفی پووچ و ناپاكی ڕەقیب دەكەی) و لە نیوە دێڕی دووەمیشدا تەواوكەری كاری ناتەواو و كاری ناتەواوی هێناوەتە پێشەوە و تەواوكەری ناڕاستەوخۆی پاش خستووە. كە دەبووایە ڕستەكە بەم جۆرە بووایە: (تۆ كە لە وەزع و حاڵەتی گەردنكەچیم ئاگاهی)، بەمەش شاعیر سەروای دێڕەكەی پاراستووە و جوانییشی پێ بەخشیوە.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەربارەی ئایا شاعیر سوودی لە وشەی شێوەزار وەرگرتووە یان نا دەڵێ: “ناری جگە لەوەی بەو زمانە ئەدەبییە كلاسیكییە كوردییە شیعری نووسیووە، كە شاعیرانی زاری كرمانجی ناوەڕاست شیعریان پێ نووسیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە چەندان دێڕدا وشەی ناوچەیی و شێوەزاری لە شیعرەكانی مەزراندوە، چونكە شاعیر بۆ خوێندن و مانەوە، زۆر شوێنی كوردستان گەڕاوە؛ مەریوان، سنە، پێنجوێن، بانە، سابڵاغ، وان، باشقەڵا، هەولێر و، ڕواندزیشی بینیوە و لێیشیاندا ماوەتەوە. ئەمانە هۆكار بووە بۆ ئەوەی ئەو شاعیرە وشەی ناوچەیی و شێوەزار بخەنە چوارچێوەی شیعرەكانیەوە.
شین و ئاهی كەربەلا و نەینەوا هاتۆ بە نەو
نۆبەتی دەرد و غەمی ئالی محەمەد هاتەوە
ناری وشەی (هاتۆ بە نەو)ی شێوەزاری لە نیوە دێڕی یەكەمدا تەوزیف كردووە، كە بە واتای (نوێبوونەوە) دێت، ئەم وشەیە، وشەیەكی ناوچەییە و زیاتر تایبەتە بە شاری مەریوان و دەوروبەری، كە شاعیر بۆ ماوەیەكی زۆر لەوێدا نێشتەجێ بووە. بە مەزراندنی وشەكە شاعیر لە وشەی باو و سواو دووركەوتووەتەوە و جوانیی بە زمانی دێڕەكەی داوە.
سەفەر مەولامە تا ماوم لەمەولا
كە كەوش و گۆرەوی تۆزی بە پێ دا
ناری لە لەتی دووەمدا وشەی (كەوش)ی بەكارهێناوە، كە واتای (پێڵاو) دەدات و ئەمە وشەیەكی ناوچەییە و زیاتر تایبەتە بە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شاعیر لەو بەشەی كوردستاندا ژیاوە، هەروەها ئەو وشەیە لە ناوچەی شوانی سەر بە شاری كەركووكیش بەكار دێت. بۆیە ئەو وشەیەی لە شیعرەكەیدا تەوزیف كردووە