سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئۆكرانیا 100 ئۆتۆمبێلی جه‌نگیی له‌ پۆڵه‌ندا ده‌كڕێت

ماتیوس مۆراویسکی سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ئاشكرایكرد، ئۆكرانیا داوایكردووه‌ 100 ئۆتۆمبێلی جه‌نگیی له‌ جۆری رۆسۆماک لە پۆڵەندا بكڕێت.

مۆراویسکی ئاماژەی به‌وه‌شكرد، پێشهاتی په‌یوه‌ست به‌ ئۆتۆمبێلی جه‌نگیی رۆسۆماک لە چەند رۆژی رابردوودا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و رایگه‌یاند: “سوپای ئۆکرانیا 100 رۆسۆماک له‌ ئێمه‌ ده‌كڕێت کە لە سیمیانۆڤیس سلاسکی دروستکراون”.

ده‌شڵێت: “ئەمانە ئۆتۆمبێلی پلە یەکن و كڕینیشیان به‌ هاوكاریی دارایی هه‌ریه‌ک له‌ یەکێتیی ئەوروپا و ئەمه‌ریکا ده‌بێت”.

سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ وڵاته‌كه‌ی بەرهەمهێنانی چەک په‌ره‌یسه‌ندووه‌ و، ئاشكرایكرد، ره‌نگە هه‌ریه‌ك لە سلۆڤینیا و سعوودیە داواكاری بۆ كڕینی رۆسۆماك پێشكه‌ش بكه‌ن.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.