كاوە میران
لە دنیای سیاسەتدا، کێبەرکێ و ورووژاندنی بابەتە ناکۆکەکانی نێوان لایەنەکان، ئاسایین و ئەگەر بە شێوازێکی ئاقڵانە و بە گوێری لۆجیک و بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوایەتی بکرێن، بە سوودی گشتیی پرۆسەی سیاسیی وڵات دەشکێتەوە. بەڵام کاتێک کۆنەقین و تووڕەیی و بابەتی تۆزلێنیشتووی شەخسی دەبنە بنەما و چوارچێوەی ڕەخنە و وەڵامدانەوە، ئەو کاتە دەبێ بە پێوەرێکی دی لەگەڵ ئاستی تێگەیشتن و توانای هزریی حزب یان ڕێکخراوە سیاسییەکە، مامەڵە بکرێت.
کاتێک یەکێتیی نیشتمانی، بەشداری حکوومەت و پەرلەمانە، بێگومان بە هەمان ئەندازەی بەشدارییەکەی، لە سەرکەوتن یان شکستی حکوومەتیشدا هاوبەشە.
لە لایەکی دیکەوە خۆ دەبێ حزبێکی خاوەن چل و ئەوەندە ساڵ خەبات و تێکۆشان، بۆچوون و قسەی کەسانێک بکاتە بناغەی ڕا و بۆچوونی فەرمیی خۆی، کە کەسایەتییەکی ڕێزلێگیراو و پێشینە پاکژیان هەبێت و خاوەن تێگەیشتنی سیاسی و مێژوویی بن.
دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەرازووی کەسانی دوای قەرەباڵەغی کەوتووی دەستپیس و کوردکوژ ناپێورێن. ئەوە داتا و ژمارە و واقیعە کە دەری دەخات کابینەی نۆیەم چی کردووە و چەندی کردووە.
بێگومان بەلای پیكابدز و گەندەڵانەوە، ڕێکخستنەوەی باج و لابردنی دوو مووچەیی و کارئاسانیی ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان، شکستن!
زۆربوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ٢٦٠٠ مێگا واتەوە بۆ نزیکەی ٤٠٠٠ میگا دەستکەوت نییە!
دروستکردنی بەنداو و شەقام و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و بەردەوامیی مووچە، سەرباری قەیرانەکان و نەناردنی بودجەی کوردستان لە بەغداوە، دەستکەوت نییە!
پتەوکردنی پێگەی دیبلۆماسیی هەرێم لە جیهاندا دەستکەوت نییە!
خستنە ڕووی دزی و قاچاخچییەتی و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان بڤەن و نابێ باسیان لێوە بکرێت!
باسی کەمیی کارەبا و ئاسایشی هاونیشتمانییان دەکەن؛ کەچی بەلای ئەو هەموو قەرزی کارەبایەی سەر کۆشک و بارەگا و ”مەزرەعە” تەجاوزەكانی خۆیاندا ناچن! تیرۆرکردنی ئەفسەرو بەرهەڵستکارانیان لەناو جەرگەی پایتەختدا بە لە یاسالادان و تۆقاندنی خەڵک نازانن.
خۆزگە وەک خۆتانی پێوە هەڵدەکێشن، کاک قوباد دە جاری دیکەش بچووایەتە بەغدا و بە دەستی پڕ و قازانجی میللەتەکەمانەوە بگەڕایەتەوە، بەڵام هاوسەرۆکەکەتان لە دیوەخانەکەی قەیس خەزعەلیدا سنووری دەسەڵاتەکەتانی هەڕاج نەکردایە. لە ناوەڕاستی سلێمانیدا قەتڵ وعامی ڕۆژنامەنووسانتان نەکردایە.
پارەی تەرخانکراوی پرۆژەخزمەتگوزارییەکانی سلێمانی و گەرمیان و گومرگەكانتان حەپەلووش نەکردایە.
ئەوە خێرە پاش چەندین ساڵ هێشتا شەقامی سەد مەتری سلێمانیتان بۆ تەواو نەکراوە؟
پتر لە حەفتا ڕۆژە لا دیوارێکی شەقامی مەولەویتان بۆ نۆژەن نەکراوەتەوە؟
خۆزگە بەڕێزان لەیەكێتی، لە بریتی هەڵچوونی عاتیفی و بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندەی چەواشەكارو نەشیاو تەگەرە دروستكردن بۆ هەڵبژاردن، لە پێناو بەرژوەندی باڵای کوردستان و میللەتەکەماندا، بە مەنتیق و لۆجیکی سیاسی گفتوگۆیان بکردایە، کە بێگومان، پێش هەموو شتێک، بە قازانجی خۆیان دەشکێتەوە.