پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مانگی ئادار و ئافرەتی کورد

فەزیله شۆرش – هۆڵەندا

مانگی ئادار مانگی خۆشی و ناخۆشی میللەتی کوردە، خۆشترین رۆژی ئەم مانگە لە دایکبوونی بارزانی نەمرە، لە هەمانکات گەورەترین ناخۆشی لەم مانگەدا،کۆچی دوایی باوکی روحی و رابەری کورد بارزانی نەمرە .
راوەستان دژی زوڵم و زۆرداریش بە دەستی ئافرەتانی جیهان لە ٨ ئادار دەستی پێکرد،قبوڵنەکردنی نایەکسانی و دۆخی خراپی ئافرەتان وایکرد ئەم رۆژە بە فەرمی ببێتە رۆژی جیهانی ئافرەتان. ئازادی کورد لە باشووری کوردستان رۆژی ١١ ئادار ئیمزا کرا، هەر لەم مانگەش راپەرینی سەر بەخۆیی کوردستان دەستی پێکرد و خەجێ باوە یەکەم ئافرەتی شەهیدی راپەرینە، کەلەم راپەرینە ئافرەت رۆڵێکی گەورەی تێدا هەبوو،لە هەمان مانگ هه زاره ها ئافرەتی کورد بە چەکی کیمایی بۆمبارانکران و بوونە قوربانی،واتە مانگی ئادار مانگی کەوتن و سه‌ركه‌وتنه‌ و مانگی نوێبوونەوەو ژیان و مەرگە .
ساڵی نوێی کورد لە ٢١ ئادار دەست پێدەکات و لە هەندێک له‌ وڵاتانی جیهانیش رۆژی دایکانە، سروشتی مانگی ئادار وەک سروشتی دایک وایە، دایک و ئافرەتی کورد توانیویەتی نەهامەتیەکانی مانگی ئادار بکاتە هێزو کۆڵنەدان و بەردەوامی، ژیان پێشکەش بکاتە سەر زەمین بۆ دوارۆژ و ئازادی. مانگی ئادار وەک ئافرەتی کورد وایە، بە هێز و نەرم و نیان، دڵ بە خەم ودەم بە خەندە، پر لە ئومێدی ژیانی نوێ و بوژانەوە و کز بوونەوە و ئامێزکراوە بۆ خۆشەویستی و خۆنەویستی، چاو نەترسی و بەردەوام بوون.