یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

نێچیرڤان بارزانی له‌ یادی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ يادى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا بڵاوكرده‌وه‌.

نێچییرڤان بارزانی له‌په‌یامه‌كه‌یدا رایده‌گه‌ێنێت: له‌ بيره‌وه‌ريى سى و پێنج ساڵه‌ى تاوانى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هيددا، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى شه‌هيدان ده‌كه‌ينه‌وه. دروود بۆ گيانى پاكيان و سڵاو بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاريان ده‌نێرين.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌، مۆركى ڕسوايى و شه‌رمه‌زارييه‌ به‌ نه‌وچه‌وانى تاوانكارانه‌وه‌، له‌ جیهانیش ناسنامه‌ و گه‌واهيى سته‌ملێكراويى گه‌لى كوردستانه‌. له‌ چه‌ند خوله‌كێكدا ژيانى له‌ پێنج هه‌زار مرۆڤى بێتاوان و له‌ سروشت و له‌ هه‌موو شتێك سه‌نده‌وه‌. هه‌زارانى ديكه‌ى بريندار و ده‌ربه‌ده‌ر كرد، ‌به‌ڵام نه‌يتوانى ئيراده‌ى گه‌لى كوردستان بۆ ئازادى بشكێنێت.

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت: گه‌لى كوردستان به‌ يادكردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌، به‌ بير نه‌وه‌كانى ئه‌مڕۆ و هه‌موو جيهانى ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ چ قوربانييه‌كى له‌پێناو ئازاديدا به‌خشيوه‌. هه‌روه‌ها جيهان و مرۆڤايه‌تى ده‌خاته‌ ‌به‌رده‌م ئه‌ركێكى ئه‌خلاقى و مرۆيى‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رگيز تاوانى ئاوا له‌ هيچ شوێنێك دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌” له‌م ياده‌دا سوپاسى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين بۆ ته‌واوكردنى ڕێكاره‌كانى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌. جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌يييه‌كان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ پێويستيان به‌ خزمه‌تى زياتره‌. ده‌بێ درێخييان بۆ نه‌كرێت و وه‌ك دادگا و ياسا بڕيارى داوه‌، قه‌ره‌بۆ بكرێنه‌وه‌”.

له‌كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی رایده‌گه‌ێنێت: له‌ كاتێكدا يادى ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌ و قوربانییان ده‌كه‌ينه‌وه‌، به‌ هيوا و ئومێده‌وه‌ له‌ داهاتوويه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان ده‌ڕوانين. به‌ موكوڕييه‌وه‌ له‌ كار و هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى كه‌ پارێزه‌رى ده‌ستكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستانه‌.