لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چوارچێوەی گەشتێکی فراوانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمڕۆ دەگاتە عێراق و سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات.
پێنتاگۆن دەڵێت، ئامانجی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەوەیە؛ دڵنیایی بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدات، کە وێڕای چڕبوونەوەی سەرنجی ئەمریکا لەسەر رووسیا و چین، واشنتن، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەبیرنەکردووە و لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی “چەندین جار گوتومانە، ئێمە هاوپەیمانەکانمان دڵنیاکردووەتەوە لەوەی بۆ هاوکاریکردن بۆ ماوەیەکی درێژ لێرە دەمێنینەوە. ئەمە ناوچەیەکی گرنگە، نەک تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ جیهانیش”.
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکا بۆ راوێژ و مەشقپێدانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان ماونەتەوە. ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە ساڵی 2014ـەوە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان تەرخانکردووە. هەروەها دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریشی بۆ باشکردنی رەوشی مرۆیی داوەتە عێراق و هەرێمی کوردستان.
جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و عێراق دەڵێ “ئەمریکا بە تەواوی پابەندە بە ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە و پەرەپێدانی هاوبەشە ستراتیژییەکەمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. واتە بەرژەوەندیی ئێمە لە سەرکەوتنی ناوچەکەدایە. عێراقیش لە چەقی دیدگەی سەرۆک بایدندایە بۆ ناوچەکە”.
لۆید ئۆستن، لە ئەیلوولی 2010 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2011 فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق، دواتر لە سەردەمی ئیدارەی دووەمی باراک ئۆبامادا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەو وڵاتە بووە، لە یەکەمین سەردانی خۆیدا وەکو وەزیری بەرگری، لەپاڵ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر، هێزەکانی وڵاتەکەشی بەسەردەکاتەوە.
بایۆگرافیی لۆید ئۆستن:
– لە 22ـی کانوونی دووەمی 2021ـەوە وەزیری بەرگریی ئەمریکایە
– لە ئاداری 2013 تاوەکو ئاداری 2016 فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بووە
– رۆڵێکی گرنگی لە سەرپەرشتیکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریادا هەبووە
– کانوونی دووەمی 2012 تاوەکو ئاداری 2013 جێگری سوپاسالاری ئەمریکا بووە.
– لە ئەیلوولی 2010 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2011 فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق.
– لە ئابی 2009 تاوەکو حوزەیرانی 2010 بەڕێوەبەری سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا بووە.
– ئۆستن لە ئەکادیمیای سەربازیی سوپای ئەمریکا بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە
– لە زانکۆی ئەوبێرن لە ویلایەتی ئالاباما ماستەری لە بواری پەروەردە بەدەستهێناوە
– ماستەرێکی دیکەی لە بواری کارگێڕیی بازرگانی لە زانکۆی وێبستەر بەدەستهێناوە
– ئۆستن، تەمەنی 69 ساڵە، ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و منداڵی نییە.