هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نرخی نەوتی برێنت دابەزی

نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە دابەزین کرایەوە و بەرمیلێک نەوتی برێنت زیاتر لە 85 دۆلارە. ئۆنسەیەک زێڕیش بە نزیکەی 1855 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە کە بەرپرسانی حکومەتی چین بۆ ساڵی 2023 گەشەی ئابووریی 5%یان پێشبینی کردووە کە بەراورد بە گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە لە چەند ساڵی رابردوودا بە گەشەیەکی کەم دەناسرێت.

بازاڕەکانی جیهان پێشبینییان دەکرد ئامانجی حکومەت بۆ گەشەی ئابووریی چین لە ئەمساڵدا لانیکەم 5.5% بێت، ئەوە بازرگانانی نەوتی نیگەران کردووە کە بە پێچەوانەی ئەوەی پێشبینییان دەکرد، خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت هێندە بەرز نەبێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 06-03-2023 نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 50 سەنت دابەزی و بە 85 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوە کرا. هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 46 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 79 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

لی کێ چیانگ، سەرۆکوەزیرانی چین لە گوتاری خۆی لە کۆنگریسی نیشتمانی خەڵک رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، کەمبوونەوەی خواستی ناوخۆ بە یەکێک لە کێشە ئابوورییەکانی ئەمساڵی چین هەژمار دەکرێت.

بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت ئەمساڵ نزیکەی 500 هەزار بەرمیل زیاد دەکات.

هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیک 1855 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لەم هەفتەیەدا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە زۆری لە نزیکەی 1855 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوە کرا.

نرخی زێر لە چەند کاژێری سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکاندا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دابەزی بۆ نزیکەی 1849 دۆلار، بەڵام پاش چەند کاژێرێک زیانەکانی قەرەبوو کردەوە و رووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەڕایەوە بۆ 1855 دۆلار.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ بە رێژەی 0.2% بەرزبووەوە و بە 1858 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.

هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بەهۆی دابەزینی بەرچاوی بەهای دۆلار بە رێژەی 2% بەرز بووەوە و لە 1830 دۆلارەوە توانیی بەرز ببێتەوە بۆ سەرووی 1850 دۆلار.

ئەم هەفتەیە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا جیرۆم پاول لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادە دەبێت و بە ئەگەری زۆرەوە چەندین ئاماژە دەردەبڕێت لەسەر هەنگاوی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر چۆنێتیی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی.

هەرچەندە لێدوانەکانی سبەی و دوو سبەیی جیرۆم پاوڵ دەتوانێت کاریگەریی بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ دابنێت، بەڵام ئەو ئامارانەی کە بڕیارە رۆژی هەینی لەسەر بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاوببێتەوە کاریگەریی بەرچاوتر لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.

هەفتەی داهاتوو ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی 2 لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە، کە ئەویش بە هەمان شێواز کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ لە بازاڕ دادەنێت.