سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوت دابەزی

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نرخی نەوت دابەزی و ئێستا هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە 83 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هەروەها هەر ئۆنسەیەک زێڕیش لە 1842 دۆلارەوە بۆ 1837 دۆلار دابەزی.

رۆژی سێشەممە 21-2-2023 ، بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا روونکردنەوەی زیاتر لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوویان سەبارەت بە چۆنییەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا دەدەن، بەو هۆیەشەوە بازرگانان بە وریاییەوە لە بازاڕی کاڵا و کانزاکان مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 65 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 83 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.بەپێچەوانەوە نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 78 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (CMC Market) رایگەیاند، “بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆ گوشاری لەسەر نرخی نەوت داناوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ پاشەکشەی نرخەکان.”

خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت لەمساڵدا پێشبینی دەکرێت بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی. هەروەها خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن هیندستان کە بە سێیەم گەورە هاوردەکاری نەوت هەژماردەکرێت، بەرزبووەتەوە. 

ئەمڕۆ چاوەکان لە بازاڕە داراییەکان لەسەر لێدوان و گوتاری بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە بۆ ئەوەی ئاراستەی بازاڕیان بۆ دەرکەوێت.

نرخی زێڕ بە رێژەی 0.3٪ دابەزی 

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەردەوامی دا بە دابەزینەکانی رۆژی دووشەممە. هەر ئۆنسەیەک زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە 1842 دۆلارەوە بۆ 1837 دۆلار دابەزی و بەوپێیەش بە رێژەی 0.3٪ بەهای خۆی لەدەستدا.

هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی چواری ئەمساڵدا بە 1846 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانانی زێڕ چاویان لە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە میانەی چەندین وتاردا روونکردنەوەی زیاتر لەسەر چۆنییەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بدەن.

هەفتەی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەر و نرخەکانی بەرهەمهێنەر، دەرکەوت کە هەڵاوسان هێشتا لە ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدایە.

بازرگانانی زێڕ نیگەرانن لەوەی کە بەردەوامی هەڵاوسان لە ئەمریکا بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچاربکات، لە چەند مانگی داهاتووشدا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دابەزینی نرخی زێڕ.