شیلان فەرەج
مێژووی کورد تژییە لە وێرانکاری و کارەساتی خەمناک، زۆربەی ئەو تراژیدیایانەی بەسەریدا هاتوون سروشتی نەبوون، بەڵکو سیاسی و نەتەوەیی بوون و لەلایەن نەتەوە سەردەست و ڕژێمە داگیرکەرەکانی ناوچەکەوە بەسەریدا هێنراوە کە لە ئەنجامی ئەوەشدا هەزاران قوربانی کەوتۆتەوە. هەندێک لەو رووداو و کارەسات و تراژیدیایانە تائێستاش ئاسەواری هەر ماوە لە بیرو هزرماندا، بەدرێژایی مێژوویش خەڵکی کوردستان جگە لە چیاکانی هیچ پشتیوان و فریادڕەسێک نەبووە بەهانایەوە بێت، هەر بۆیە لەهەموو گەلانی دیکە باشتر لە ئازاری لێقەوماوان و ماڵوێرانی و تراژیدیاکان تێدەگات و لەهەمووانیش باشتر لە ئازاری بەهاناوە نەچوون تێدەگات. ئەمە وایکردووە میڵەتی کورد لەجیاتی ئەوەی چێژ لە ماڵوێرانی و تراژیدیاکانی میڵەتانی تر وەربگرێت بە پێچەوانەوە هاوخەم و هاوسۆزیان دەبێت و هەرچی لەدەسەلاتیدابێت دەیکات بۆ بەهاناوە چوونیان و کەمکردنەوەی خەم و ئازار و ماڵوێرانیان. هاتنی داعش و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتی عەرەبی عێراق و سوریا بۆ ناوچە کوردستانیەکان و بەهاناوە چوونیان و هاوکاریکردنیان لە لایەن حکوومەت و خەلکی کوردستانەوە و دابین کردنی شوێنی حەوانەوە و پێداویستیەکانی ژیان بۆیان بەڵگەی ئەو راستیەن. ئێستاش کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر زەوی لەرزەیەکی وێرانکار لە باکور و رۆژئاوای کوردستان و وڵاتی تورکیا و سوریای دا و هەزاران قوربانی گیانی و وێران بوونی هەزاران ماڵ و شوێنی کاری لێکەوتۆتەوە، خەڵکی کوردستان لەهەمووان زیاتر لەخەمی ئەو کارەساتەدابوون و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان پڕکرد لە وێنەی کارەساتەکە و قوربانیەکانی و هاوخەمی دەربڕین بۆ ئەو کارەساتە. دەزگای خێرخوازی بارزانی و تیمی فریاگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش یەکەمین کەس بوون کە بەپەلە و لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا گەیشتنە شوێنی رووداوەکە بۆ بەهاناوە چوونی قوربانیەکان و ڕزگارکردنی بریندارانی ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکان و پێدانی خواردن و بەتانی و چادر و پیداویستی سەرەتایی بە لێقەوماوان. تەنانەت تیمی فریاگوزاری حکوومەتی تورکیا خۆیشی هاوکات کەمێک پێشتر لە تیمەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتبوونە شوێنەکان، ئەم بەهاناوە چوونەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حکوومەتی هەرێم دەنگدانەوەی زۆری لە تورکیادا هەبوو، خۆشحاڵی زۆری بەخشی بە کوردانی باکور و ڕۆژائاوا بەجۆرێک کە لە عەفرینی داگیرکراودا خەلکێکی
زۆر بەبێ ترس بەئاڵای کوردستانەوە پێشوازیان لە تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد. هەمو ئەمانە کاریگەری زۆر باشیان لەسەر ناوبانگی کورد و گیانی بەهاناوە چوون لای گەلانی ناوچەکە بەگشتی و تورکەکان بەتایبەتی دروست کردووە ، دوایین شتیش کە زۆر لە جێی خۆیدا بوو سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو بۆ شوێنی بومەلە رزەکە و لە نزیکەوە بینینی وێرانکاریەکان و بەشێک لە ڕزگاربووان و تیمەکانی فریاگوزاری، دواتریش لەنزیکەوە بینینی بەرپرسانی باڵای تورکیا و ئامادەیی دەربڕین بۆ هاوکاریکردنی زیاتری لێقەوماوانی باکوری کوردستان و ڕۆژئاوا و بەشەکانی دیکەی تورکیا و سوریا . بەم هەڵویست و هاوخەمی و بەهاناوە چوونە. حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان سەلماندیان کە کورد وەک نەتەوە و وەک حکوومەت و دەسەڵات، هەمیشە ڕۆڵی ئیجابی و ئاشتی خوازی و مرۆڤ دۆستیان بینیووەو دەیبینن و هەمیشەش کوردستان و خەڵکەکەی هەم پەناگەیەکی ئارامن بۆ لێقەوماوان و هەم فریادڕەسیشن بۆ بەهاناوە چوونی لێقەوماوان.