ئەمرۆ دووشەممە 20/2/2023، بەرێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی ھەرێم لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە: “ئێمە وەکوو بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھەرێم بە خۆشحاڵیەوە پێتان رادەگەیەنین لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھەرێم-بەرێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی ھەرێم – تاقیگەی بایۆلۆجی DNA مان ھەیە پشکنینی باوکایەتی paternity test ئەنجام دەدەین و بە خۆشحاڵیەوە ئەم خزمەت گوزاریە بە خۆڕاییە و لە وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆ لە بەشی خزمەت بڵاو کراوەتەوە”.
ئەوەش خراوەتە روو: “بەپێی رێنوێنیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەنھا تاقیگەی وەزارەتی ناوخۆ بۆی ھەیە ئەم پشکنینە ئەنجام بدات و ھیچ تاقیگەیەکی تر بۆی نیە ئەم پشکنینانە بکات وە لە دادگاکانیش تەنھا ئەنجامی پشکنینی تاقیگەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ پەسەند دەکرێت و بەھای یاسایی ھەیە،وە تاقیگەکەمان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ بە سوپاسەوە نوێترین ئامێری پشکنینی DNAی بۆ دابینکراوە و بە ستانداردی نێودەوڵەتی کاردەکات و ئەفسەر و کارمەندی پسپۆڕ و خاوەن بروانامە کارەکانی بەڕێوەدەبەن”.
هەروەها بەرێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی ھەرێم ئاماژەشی بەوەداوە: “ئێمە بەخۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنین کەوا ھەموو کاتێک ئامادەین بۆ ئەنجامدانی پشکنینی یاسایی لە تاقیگاکانی بەلگەو و تاوانی ھەرێم وە یەکلایی کردنەوەی کێشەکان بە شێوەیەکی زانستی و یاسایی و بە کەمترین ماوە”.