جەبار میرزا، سكرتێری پارتی نەتەوەیی كوردستان، لەم گفتوگۆیەدا دەڵێت: بۆ ئەوەی مەترسیە دەرەكیەكان لەسەر هەرێمی كوردستان نەمێنێت پێویسە لەناو خۆدا یەك دەنگ و یەك ڕیز بین ؛ بە چارەكردنی كێشەكان، سەقامگیریی سیاسی و ئابوری كۆمەڵایەتی بۆ هاوڵاتیان بەر قەراردەبێت.
- كار و چالاکییەکانی پارتی نەتەوەیی كوردستان چین؟
- ئەگەرچی پارتی نەتەوەیی لەڕوی ستراتیژییەوە برەو بە بیری ناسیۆنالیزمی میانڕەو بە ئاراستەی سەربەخۆیی دەدات، بەڵام لەكارنامەی ئەمساڵیدا سەرنجی لەسەر فراوانكردنی ڕێكخستنەكانی خۆیی و گەشەپێدانی ئاستی هۆشیاری ئەندامەكانێتی .
- هەڵویستی ئێوە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن چۆنە؟
- ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانین لەكاتی خۆیدا، بەپێویستی دەزانین بەزوترین كات هەڵبژاردن بكرێت.
- چۆن یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد بەدی دێت؟
-باشترین میكانیزم بۆ یەكخستنی نێوماڵی كورد ئەوەیە، كە هەریەكە لەحزبەكانی دەسەڵات لەبەرامبەر یەكتریدا لە ئاستی داوا و خواست و بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆیان بێنە خوارەوە و لەبازنەیەكی هاوبەشدا بگەنە ڕێككەوتنێكی تۆكمە و گشتگیر و واقعی . - ئایا كێشەكان لە نێوخۆدا هێندە قورسن کە بەو شێوەیە بەهەڵواسراوی ماونەتەوە؟
- بەڕای ئێمە كێشەكان بەو ڕادەیە قورس نین، كە نەتوانرێ چارەبكرێن، تەنها پێویستیان بە بڕیارێكی بوێرانە و ئیرادەیەكی نەتەوەییانە هەیە.
- بۆ بەهێزکردنەوەی ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیی پێویستە چی بکرێت؟
- لەپێناو دروستكردنەوەی پرۆسەی ئینتیمای نەتەوەیی و چاككردنەوەی متمانەی خەڵك، پێویستە حكوومەت بەهاوكاری ناوەندە ڕۆشنبیری و زانستییەكان و پسپۆڕان و دەستەبژێرانی گەل، نەخشەیەكی وردی هەنوكەیی و ستراتیجی گەڵاڵە بكات و بەگوێرەی قۆناغ پیادەی بكات.
- هەمیشە باس لەوە دەكرێت مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەبڕوای ئێوە ئەو مەترسیانە چین؟
- لەبەرئەوەی كوردستان دەوڵەت نییە، بۆیە بەردەوام بەسروشتی جیاواز مەترسی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و عێراقی لەسەرە. مەترسیەكانیش گشتین، واتە هەم سیاسی و ئەمنین، هەم ئابوریین، جیا لەوەی لەئاستی ناوخۆدا پەرتەوازەیی نێوان لایەنەكانی كوردستان مەترسی لەسەر ئایندەی قەوارەی هەرێم دروستكردووە و گوزەرانی خەڵكیشی شڵەژاندووە.
- چی بكرێت تا مەترسیەكان لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت؟
- بۆئەوەی مەترسییەكان لەسەر قەوارەی هەرێم نەمێنێ، پێویستە كورد یەكڕیزی خۆی بپارێزێ و كێشە ناوخۆییەكانی چارە بكات و پاشان هەنگاوی پراكتیكی و بوێرانە بەرەو بونیاتنانی حوكمڕانییەكی ڕەشید و بەرقەراركردنی دادپەروەری بنێت، بەم هەنگاوانە سەقامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی پتەو دەبێت.
- چی بكرێت تا كورد لەبەغدا بەهێزبێت؟
- بۆئەوەی كورد لە بەغدا بەهێزبێت، پێویستە كورد بەنەخشەڕێگایەكی هاوبەشی ستراتیجیی و بە پاكێجێكی كوردستانیانەی یەكگرتوو مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكات.
- دۆخی كوردستان لە ناوچەكەدا چۆن دەبینن؟
- ئێستا لەبەر پەرتەوازەیی نێوماڵی كورد، كوردستان لەناو پانتایی پێگەی سیاسی ناوچەكەدا لاواز دەردەكەوێت.
- بڕواتان وایە بەغدا مەبەستی بێت مافەدەستوریەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان جێ بەجێ بكات ؟
- بەڕای ئێمە كۆمەڵێك فاكتەری ناوخۆیی عێراق و ئیقلیمی هەن كە وا لە بەغدا دەكەن مافە دەستوریەكانی كورد جێبەجێ نەكات.