سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە قەزاکردنی عەنکاوەی دا

‏‎ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئۆکتۆبەری 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکیدا بۆ عەنکاوە بڕیاری دا ناحیەکە بکرێت بە قەزا و لە گوتارێکدا گوتی: “وەزیری ناوخۆ و پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رادەسپێرین، بۆ ئەوەی ناحیەی عەنکاوە بکرێت بە قەزا، تا خزمەتی زیاتری دانیشتوانەکەی بکرێت”

‏‎سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە جارێکی دیکە سەردانی شارۆچکەی عەنکاوەمان کرد، کە بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و شوێنی ئاشتەوایی، هەروەها بووەتە ناوەندێک زۆر لەو خوشک و برا کریستیانانەی کە لە ناوچە و شوێنەکانی دیکەی عێراق لەبەر هەر هۆکارێک نەیتوانیوە لەوێ بمێننەوە روویان کردووەتە ئێرە و لێرە نیشتەجێبوون.

شارۆچکەی عەنکاوە یەکێکە لەو شارۆچکانەی کە دەبینین رۆژ بە رۆژ پێشڤەچوونێکی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و گەورەتر دەبێت، ئێمەش بەناوی حکوومەتەوە هاتووین و من لێرەوە پێتان رابگەیەنم کە جەنابی وەزیر و جەنابی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رادەسپێرین، بۆ ئەوەی ناحیەی عەنکاوە بکرێت بە قەزا، تا بتوانرێ خزمەتێکی زیاتری دانیشتووانی بکرێت، هیوادارم هەمووتان سەرکەوتووبن، ئەوەی لە دەستی ئێمەش بێت یارمەتیتان دەدەین، بەڵام ئەمە بێگومان بەرپرسیاریەتی زیاتریش دەخاتە ئەستۆی بەرپرسانی ئەم قەزایە کە دەبێ لە هەموو رووێکەوە هەوڵی ئەوە بدەن، کە خزمەتی دانیشتووانی ئەم قەزایە و هەولێر و کوردستان بە گشتی بکەن.”

‏‎مەسرور بارزانی، گوتی: “من جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە خەڵکی شارۆچکەی عەنکاوە و هەولێر و هەموو کوردستان دەکەم، هیوادارم رۆژ بە رۆژ پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت”.

ھەواڵی زیاتر