دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت بۆ دووەمین رۆژ و لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە.  بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای داخرانی بەندەری جەیهان دێت، بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا.

رۆژی سێشەممە 7-2-2023، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 40 سەنت بەرزبووە و بە 81 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 43 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دوای بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا کارەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان راگیرا کە یەکێکە لە ناوەندە گرینگەکانی ناردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان و رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیلی لێوە هەناردە دەکرێت.

کۆمپانیای بەڕێوەبەری بۆرییەکانی تورکیا ناسراو بە “بۆتاش” رایگەیاندووە، لە دوێنێ دووشەممەوە هەناردەکردنی نەوتی ئازەربایجان لە بەندەری جەیهان راگیراوە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی لە رێگەی بۆری کوردستان- جەیهان راگرتووە.

داخستنی بەندەری جەیهان تاوەکو رۆژی چوارشەممەش بەردەوام دەبێت. جگە لە داخرانی بەندەری جەیهان، داخرانی کێڵگەیەکی نەوتی گەورە لە دەریای باکووریش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت .

هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1968 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

ئەمڕۆ نرخی زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە نزیک نزمترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە نزیک 1868 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 1881 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا لە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا لە مانگی 1، بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ لە نزیکەی 1965 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 1865 دۆلار.

بازرگانانی زێڕ چاویان لە گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە ئینستیتۆی ئابووریی واشنتن گوتارێک پێشکەش بکات.

بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی زێڕ نیگەران بن لە وەرچەرخانی سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر بەرزبوونەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکەکەوە.