دوو گۆرانبێژی تورك و كورد لەسەر كوردبوون و توركبوون بوو بەشەڕیان

لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی بەناوی (فەرموو ئەم هەواڵە بۆ تۆ)، لە تەلەڤزیۆنی (فلاش تی ڤی) توركی، دوو گۆرانبێژ، كە یەكێكیان كورد و ئەویش تریش تورك، لەسەر كوردبوون و توركبوون بوو بە شەڕیان و گۆرانبێژە توركەكە، پرۆگرامەكەی بەجێهێشت.

ئێجە رۆنای، گۆرانیبێژێكی ئافرەتی تازەپێگەیشتووی كوردە، لەو بەرنامەیەدا گوتی : “لە كێبڕكێیەكی گۆرانیگوتندا، بە هۆی ئەوەی كوردبووم، بۆیە دەریانكردم و بە تیرۆرست ناویان بردم“
لە بەرامبەردا، نیهاد دۆغان، كە ئەویش گۆرانیبێژە و كوردە، پشتگیری لە ئێجە كرد و گوتی، هەركەسێك بە هۆی كوردبوونتەوە، هەوڵی كوشتنت بدات، یان سووكایەتیت پێبكات و بە تیرۆرست ناوت بهێنێت، دژی دەوەستمەوە.
دۆغان، بۆ پشتگیریكردن لە ئێجە و كورد، گوتی ئێستا گۆرانییەكی كوردیتان بۆ دەڵێم، بەڵام توغبا ئێكنجی، گۆرانێژی تورك و بەڕەگەز ئازەری، نەیهێشت نیهاد گۆرانییە كوردییەكە بڵێیت و بە نیهادی گوت، ئەوە چیتە نیهاد، ئێمە هەموومان توركین بۆ وا دەكەیت؟ ئاڵای توركیای بەرز كردەوە و دایە دەستی نیهاد، گوتی بیگرە و گۆرانی بڵێ و بڵی من توركم.
لەوێدا، پێشكەشكاری بەرنامەكە بە ناوی (سەیهان سۆیلو)، رەخنەی لە توغبا گرت و گوتی ئەو قسەیەی كردت هەڵە بوو و مەیكە، چونكە هیچ كەسێك لە توركیا ناچار نییە بڵێت توركم.
نیهاد دووبارە قسەی كرد و گوتی: ”هەموو جارێك ئاڵای توركیا دەخەنە بەردەم كوردێك و بەناوی وەتەن هەڕەشەی لێ دەكەن، ئەمەی تۆ دەیكەیت شتێكی هیچ باش نییە، چونكە بابەتی ئێمە كوردبوون و توركبوون نییە“
سەیهان، ئاماژەی دا، لە توركیا 21 ملیۆن كورد بوونی هەیە، ناچار نین بڵێن ئێمە توركین، بەڵام هەموومان یەك ئاڵامان هەیە، كە ئاڵای توركیایە، ئیتر بۆچی لەوە زیاتر سەر دەنێن سەر سەری كوردەكان، ئەمە بێڕێزییە.
بەڵام تۆغبا ئێكنجی، بە توندی وەڵانی سەیهان و دۆغانی دایەوە و گوتی: ”لە كۆماری توركیادا، كوردیش بیت، دەبێت بڵێی كوردێكی توركم، عەلەوییەكانیش دەبێت بڵێن، توركێكی عەلەویم“
هەروەها، بەوەشەوە نەوەستا و گوتی لە بەرنامەیەكدا نابم، سووكایەتی بە توركیا و ئاڵاكەی بكات و بەرنامەكەی بەجێهێشت، لە كاتێكدا هیچ یەكێك لە ئامادەبوان سووكایەتیان بە توركیا و ئاڵاكەی نەكردبوو.
بەڵام پێشكەشكاری بەرنامەكە، بە تۆغبای گوت، ئەوەی تۆ دەیكەیت بێڕێزییە.
ئەم گفتوگۆیەی نێوان، ئەو دوو گۆرانبێژە تورك و كوردە، لە سۆسیال میدیای توركیا دەنگی دایەوە و، رەخنەی زۆر توند لە تۆغبا گیراوە، كە سووكایەتی بە كورد كردووە.

ھەواڵی زیاتر