لە كاتێكدا ماوەی 10 ساڵە خاوەن پشكەكانی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤیلاند لە سلێمانی گازاندەی ئەوە دەكەن كە لە لایەن شاسوار عەبدولواحیدی قەرزاری خەڵك و حكوومەتەوە مافیان دەخورێت و دزیی لە قازانجی پشكەكانیان دەكرێت، كەچی عەبدولستار مەجید تاوە بە تازە وەك كارت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شاسوار و حزبەكەی، دۆسیەكەیان بەكار دێنێت.
ماوەیەكە شاسوار عەبدولواحید لە ڕێگەی میدیاكەیەوە بانگەشەی ئەوە دەكات كە پەرلەمانتارانی بەناو ئۆپۆزسیۆن، لەنێویشیاندا عەبدولستار مەجیدی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، لەگەڵ پەیامەكەیان راستگۆ نەبوون و دەستیان لە كار نەكێشاوەتەوە، پاش درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش، لە وەرگرتنی مووچەكانیان بەردەوامن.
لە بەرامبەردا، عەبدولستار مەجید كەیسی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاندی بەرامبەر بە شاسوار عەبدولواحید بەكار هێناوە و لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) پرسیاری ئەوەی لە شاسوار كردووە كە ئاخۆ دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە کە چاڤیلاند چەندی تێچووە و پشکەكەی ئەو چەندە و چۆن بۆی دانراوە؟ ئایا پرۆژەیەکی گەورەی وەک چاڤیلاند بۆ ماوەی 10 ساڵ خێری نەکرد تا دابەشی بکات و قازانجی خاوەن پشکەکان بدات؟ جگە لەو شەش مانگەی یەکەم ساڵ کە سەدا سێ قازانجی دابەش کرد! سەبارەت بە سەرمایە، تێچووی پرۆژەکە دیار نییە جگە لەو گرێبەستەی کە لەنێوان چاڤیلاند و نالیادایە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە بە 168 ملیار لە لایەن کۆمپانیای نالیا.“
عەبلدولستار مەجید هەروەك ئاشكرای كردووە: ”لەو ماوەی پێشوودا لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەن پشکە ماف زەوتکراوەکانی چاڤیلاند کۆبووینەوە، جگە لە شەش مانگی سەرەتا کە چەند سەد هەزار دینارێکیان پێ دراوە، لە دوای ئەوە لەبری قازانجی پشکەکانیان، کارتی جۆلانەیان پێ دراوە و پێیان گوتوون بۆتان نییە ئەو کارتی جۆلانانە بدەنە کەسی تر، تەنیا خۆتان و خانەوادەکەتان دەتوانن بەکاری بهێنن!“
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا كە مافێكی زۆری خاون پشكەكانی چاڤیلاند لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە دزراوە و خوراوە،ۆعەبدولستار مەجید قسەی لەبارەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند نەكردووە، ئێستاش كە كەیسەكەیان باس دەكات، زۆرتر وەك وەڵامێكە بۆ باسكردنی مووچەكەی لە لایەن میدیای شاسوار عەبدولواحید، كە چاودێران پێیانوایە كەیسی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند لە لایەن عەبدولستار مەجیدەوە وەك كارت لە دژی شاسوار عەبدولواحید بەكار دەهێندرێت، دەنا لە خەمی خەڵكدا نیە.
لەوەتەی مافی خاوەن پشكەكانی پرۆژەی گەشتیاریی چاڤیلاند پێشێل دەكرێت تاوەكوو ئێستا، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەكی كەمی میدیای كوردستان ئیدی هیچ لایەنێكی دیكە، بەتایبەتی میدیا لۆكاڵییەكانی سلێمانی و چالاكوانان و كەمپینچییان و میدیاكارانی بەناو (سەربەخۆ و بێلایەن!) بە شێوەیەكی بەردەوام و جێگیر كاریان لەسەر كەیسی خاوەن پشكەكانی (چاڤیلاند) نەكردووە، بەڵكوو زۆربەی حزب و كەسایەتییەكان تەنیا ئەو كاتانە باسی خاوەن پشكەكان دەكەن كە ناكۆكیی سیاسییان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید و هێرشی میدیای شاسواریان لەسەر بێت