هۆشیار سیوەیلی
بەرزبوونەوەی ئێستای
نرخی دۆلار نیشانەی خراپیی
حوکمڕانییە لە عێراقدا
ماوەیەکـــە دابەزینی بەهای دینار بەرامبـــەر دۆلاری ئەمەریکی هاووڵاتیانی نیگەران کردووە و بازاڕی شـــڵەژاندووە. شـــرۆڤەی جیاواز بۆ هۆکار و مەرامی ئەم دابەزینە دەکرێـــت. هەرچەندە بابەتەکانی ئابووری و بازاڕی دارایی ئاڵۆزن، هەوڵ دەدەین بە
کورتی باسی هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بکەین. بەگشـــتی ئەوەی کاریگەریی گەورەی لەسەر ڕێژەی گۆڕینەوەی بەهای دراوی وڵات هەیە دۆخی سیاســـی و ئەمنـــی و ئابووری و دارایی سیاســـەتی داراییی وڵاتە. لە عێراقدا دۆخی سیاســـی و ئەمنی و ئابووری بەشـــێوەیەکی ڕێژەیی باشـــە و نرخی نەوت کە ســـەرچاوەی ســـەرەکی داهاتی عێراقە لە ئاستێکی باش و تا ڕادەیەکیش جێگیردایە. دابەزاندنی نرخی دینار کاتێک عەلی عەلاوی وەزیری دارایی بوو، بەشێک بوو لە سیاســـەتی دارایی حکومەت یان بانکی ناوەندی بۆ هاندانی هەناردەکردن و کەمکردنەوەی بردنەدەرەوەی دۆلار بە شـــێوەی قاچـــاخ و کەمکردنەوەی بودجەی کارپێکردنی وڵات. ئەگەر ســـەرنجبدەین بۆمان دەردەکەێت کە بەر لە سەرهەڵدانی قەیرانی دراو گۆڕانکاری لە دۆخی سیاســـی و ئەمنی و ئابووری و سیاسەتی دارایی لە عێراقدا ڕووینەداوە تا کاریگەرییان لەســـەر نـــرخ و بەهای دینار هەبێت. کەواتە
دەبێت بۆ هۆکاری سەرەکی تر بگەڕێین. کاتێک عێراق نەوت دەفرۆشێت پارەکەی دەچێتە ئەژمارێکی بانکی لە بانکی یەدەکی فیدراڵـــی ئەمەریکی لە نیـــوۆرک. بانکی ناوەندی عێراق بـــە ڕەزامەندی ئەو بانکە دەتوانێت پارە ڕاکێشـــێت. تا ماوەیەک لەمەوبەر عێراق دەیتوانی پارە بە کاش یان حەواڵەی ئەلیکترۆنی لەو بانکەوە ڕاکێشێت.
بۆ ماوەی چەندین ساڵە ئەمەریکا داوا لە عیراق دەکات کە بۆ ناردن و حەواڵەکردنی پـــارە لە نێـــوان بانکەکان و دامەزراوەکانـــی تری دارایی عێـــراق و دنیای دەرەوە سیستەمی ئەلەکترۆنی جیهانی، کە بە سویفت (SWIFT) ناسراوە، بەکاربهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی سپیکردنەوەی پارە و ناردنی پارە بۆ ڕێکخراوەکانی تێرۆریستی و ئەو وڵاتانەی ئابڵوقەیان لەســـەرە. ماوەی نزیکەی دوو ساڵە بانکی فیدراڵی ئەمەریکی مەشـــق بە ســـتافی بانکی ناوەندی عێـــراق و بانکەکانی تـــر دەکات تا فێری ئەم سیســـتەمە بن. لە ناوەڕاستی مانگی 11ی پارەوە کەموزۆر ئەم سیستەمە خراوەتە گەڕ. ئێســـتا دەبێ بانکەکانی عێراق فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕ بکەنەوە و بیدەنە بانکی ناوەند و ئەوانیش بینێرن بۆ بانکی فیدراڵی ئەمەریکا. کێشـــەکە لێرەدایە کە بانکی فیدراڵی بەشـــی زۆری لەو داوایەنە یان ڕەت دەکاتـــەوە یان دوایان دەخات چونکە جێگەی گومانن و بەمەش پارەی دۆلار بۆ عێراق وەک پێویست نایەت. جاران رۆژانە بە کاش وحەوالە نزیکەی 240 ملیۆن دۆلار دەهات، ئێســـتا بۆتە نزیکەی ٣0 تا 40 ملیۆن. کەواتە پێویستە سیستەمی بانکیی عێراق خۆی بگونجێنی لەگەل سیستەمی
بانکیی جیهانی تا کێشەی بۆ دروست نەبێت