ئەمڕۆ یەكشەممە د.ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیەی ڕاسپاردووە بچێتە نەخۆشخانەی هیوا، بۆ ئەوەی قوتابییەكی نەخۆش لەناو نەخۆشخانەكە تاقیكردنەوەكانی ئەنجام بدات.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە داوە كە قوتابی توانا سابیر لە پۆلی ١١ی ئامادەیی لە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم نەخۆش كەوتووە و ناتوانێت تاقیكردنەوەكانی بابەتی پەروەردەی ئیسلامی و فیزیا ئەنجام بدات، باوکی قوتابییەکە داواکاری كوڕەكەی گەیاندووەتە پەروەردەی کۆیە، بەوەی نائاسوودەیە لەبەر ئەو دوو تاقیکردنەوەیە، ئەویش بڕیاری دا پرسیارەکانی بۆ ببەن بۆ نەخۆشخانەی هیوا، بەرێوەبەری پەروەردەی کۆیەشی ڕاسپاردووە کە خۆی بچێت بۆ لای قوتابییەكە و سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات.
دەشڵێ كە توانا پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە گوتبووی ئێستا ئاسوودە بووە، هەروەها سوپاسی تەندروستی سلێمانی و ئیدارەی نەخۆشخانەی هیوای كردووە، لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی پەروەردەی کۆیە، داوای شیفاشی بۆ قوتابییەكە كردووە.