رۆژی هەینی لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا نرخی نەوت بە رێژەیەکی کەم دابەزی، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی چین کە دەریانخست کە لە ساڵی رابردوودا و بۆ دووەمین ساڵی لەسەریەک هاوردەی نەوتی چین کەمبووەتەوە.
رۆژی هەینی 13-01-2023، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 26 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 83 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 32 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 78 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
سەرەڕای ئەم دابەزینە، نرخی نەوت لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 6٪ بەرزبووەتەوە؛ نرخی نەوتی برێنت 6.7٪ و نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 6.2٪ بەرزبوونەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەیوەندی بە گەشبینییەکانی کرانەوەی چین و دابەزینی رێژەی هەڵاوسانەوە هەیە لە ئەمریکا، کە هیوای دروستکردووە بانکی ناوەندیی ئەمریکا نرخی سوودی بانکی بە رێژەیەکی کەمتر لە جاران بەرزبکاتەوە.
شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن، کرانەوەی چین بووەتە هۆی قەرەباڵخبوونی شەقامەکان و بووژانەوەی کەرتی هاتووچۆی ئەو وڵاتە، ئەوەش گەشبینی دروستکردووە.
میشێل تران، شرۆڤەکاری بازاڕەکان لە کۆمپانیای RBC Commodity دەڵێت، “پێشبینی دەکەین هاوردەی نەوتی چین بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، بەتایبەتی کە پاڵاوتنی نەوت زیادیکردووە و کۆگاکردنی نەوت وەک کارێکی لەپێشینەی ستراتیژی ماوەتەوە.”
هاوکات شرۆڤەکارانی کۆمپانیای ANZ دەڵێن، لە هەفتەی رابردوودا تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل لە 15 شاری چین 31٪ زیادبووە، ئەوەش ئاماژەیەکی دیکەی بووژانەوەی خواستی چینە لەسەر نەوت.
نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستی 8 مانگیدایە
هاوشێوەی نرخی نەوت، نرخی زێڕیش لە کاتی کرانەوەی بازاڕەکاندا دابەزینێکی کەمی تۆمارکرد، بەڵام ئەویش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و هەر ئۆنسەیەک لە نزیکەی 1900 دۆلار ماوەتەوە و لە بەرزترین ئاستی زیاتر لە 8 مانگی خۆی مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی هەینی، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 2 دۆلار دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1894 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا بۆ 6.5٪ دابەزیوە. ئەوەش نزمترین ئاستە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا، هەروەها گەشبینیی دروستکردووە بەوەی رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا نرخی سوودی بانکی بە رێژەیەکی کەمتر لە جارەکانی پێشوو بەرزبکاتەوە.
نزیکەی 90٪ـی وەبەرهێنەران پێیانوایە، لە کۆبوونەوەی داهاتوویدا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا نرخی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ بەرزدەکاتەوە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بۆ نزمترین ئاست لە 7 مانگی رابردوودا دابەزی.
زیادبوونی چاوەڕوانییەکان بۆ زیادکردنی نرخی سوودی بانکی بە ئاستێکی کەمتر لە پێشوو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمەوە، چونکە لە ساڵی رابردوودا بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر نرخەکەی دانا.
نرخی بیتکۆین بۆ بەرزترین ئاستی سێ مانگی رابردوو بەرزبووەوە
نرخی بیتکۆین بۆ بەرزترین ئاستی سێ مانگی رابردوو بەرزبووەوە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا و گێڕانەوەی زیاتر لە 5 ملیار دۆلاری مامەڵەکارانی سەکۆی مایەپووچبووی FTX.
نرخی بیتکۆین لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 11٪ بەرزبووەتەوە و ئێستا هەر بیتکۆینێک بە 18 هەزار و 786 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
وەبەرهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکان هیوادارن دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا هانی سیاسەتداڕێژەرانی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە بدات زیادکردنی بەرچاوی نرخی سوودی بانکی کەم بکەنەوە.
ئەندرۆ دیتدێریچ، پارێزەری کۆمپانیای FTX رۆژی چوارشەممە 11-01-2023 لە دادگەی تایبەت بە مایەپووچبوونی ویلایەتی دێلاوێر رایگەیاند، “زیاتر لە پێنج ملیار دۆلاری کاش، دراوی دیجیتاڵیی وەبەرهێنەرانمان گەڕاندووەتەوە.”