دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

٦٨ پڕۆژه‌ له‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكراون

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌رده‌وامه‌ و له‌سه‌ر داهاتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی نزیك به‌ سێ ملیار دیناری عێراقی، ٦٨ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و سۆران و زاخۆ جێبه‌جێكراون.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستان كه‌ به‌رده‌وام جه‌خت له‌ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری ده‌كاته‌وه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و له‌ ١٠ ی كانوونی دووه‌م وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند، له‌ ساڵی ٢٠٢٢ دا و له‌سه‌ر داهاتی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ سنووری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و سۆران و زاخۆ، ٦٨ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سێكته‌ره‌كانی، شاره‌وانی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌شتوگوزار جێبه‌جێكراون.
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان ڕۆنراون، به‌ گوژمه‌ی دوو ملیار و نۆسه‌د و شه‌ست ملیۆن و شه‌شسه‌د و حه‌وت هه‌زار و په‌نجا دیناری عێراقی جێبه‌جێكراون و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاستی خزمه‌تگوزاری ئه‌و سنوورانه‌ هه‌بووه‌.
به‌پێی بڵاوكراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، گوژمه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌سه‌ر داهاتی داموده‌زگه‌كانی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار دابینكراوه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ ته‌نیا پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزارن و جیا له‌وانه‌ چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دی، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بودجه‌یان بۆ ته‌رخانكراوه‌ و له‌ سنووری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكراون.
له‌و ٦٨ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ی له‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر داهاتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جێبه‌جێكراون، ٢٩ پڕۆژه‌یان له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان جێبه‌جێكراوه‌، ١٤ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریش له‌ ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ڕۆنراوه‌ و ١٤ پڕۆژه‌ش له‌ ئیداره‌ی سۆران بنیاتنراوه‌ و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئیداره‌ی زاخۆش ١٠ پڕۆژه‌ بوونه‌.
هه‌ڵبه‌ت هه‌ر له‌ ساڵی ڕابردوو و له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی بیست و هه‌شت ملیار و پێنجسه‌د و بیست ملیۆن و پێنجسه‌د و نه‌وه‌ت و دوو هه‌زار و حه‌وتسه‌د و هه‌ژده‌ دیناری عێراقی، له‌سه‌ر بودجه‌ی داهاتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، ٥٣١ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سێكته‌ره‌كانی شاره‌وانی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌شتوگوزار له‌ سنووری پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و تێكڕای ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان جێبه‌جێكراون.
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی، به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان و ڕۆنانی شه‌قام و ڕێگاوبان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان به‌گشتی و گرنگیدان به‌ هه‌یكه‌لیه‌تی داوده‌زگه‌ حكوومییه‌كان و بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری وڵات و به‌ بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌نارده‌كردنیان بۆ وڵاتانی جیهان، بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و گه‌شتیاری و پیشه‌سازی و هتد…، تا كوردستان بخاته‌ سه‌رپێی خۆیی و له‌ حه‌وجێبوونی به‌ وڵاتان ئه‌رخه‌یان بكات و پشت به‌خۆی ببه‌ستێت.