ساڵی 2013 ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان چەند ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ هونەرمەندانی میسر و سەندیکای فیلم سازانی میسر ئەنجامدا. چەندین ئەکتەری بەناوبانگی ئەو وڵاتە هاتبوونە هەولێر، “سامی مغاوری” یەک لەو ئەکتەرانەبوو شانبەشانی نەقیبی سەندیکای فیلم سازانی میسر و “عەلی بەدرخان” گەورە دەرهێنەری بە ڕەچەلەک کورد. لەم دیدارەی هونەرمەند “سامی مغاوری”ـدا گفتوگۆیەکی هونەری دەخرێتە بەر دیدی خوێنەران.
٭ دەکرێ بزانم ئامانجی سەرەکی هاتنتان وەک گروپ چییە؟
ـ پێش ئەم گروپە دووجاری دیکە شاندی هونەرمەندانی میسر هاتوونەتە شاری هەولێر و چەند ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان هەبووە، ئامانجی سەرەکیش کارکردنە و ئێمەیش بەوە دڵخۆشین.
٭ بەیەکەوە سەفەرێکی باشمان کرد و چەند ناوچەیەکی کوردستانتان بینی، هەستت چۆن بوو؟ دەکرێ ڕاشکاوانە پێم بڵێی کوردستانت چۆن بینی؟
ـ زۆر خۆش بوو. چەند شارێک و چەند ناوچەیەکی جیاوازمان بینی، کولتوورێکی جوانە؛ توانیمان کۆمەڵێک چیرۆکی ڕابردووش ببینین، تەنانەت کە لە فڕۆکەخانەشدا شاندێک بەدوای ئێمەدا هاتن کاتژمێر چواری بەرەبەیان بوو، ترافیکەکان هیچ ئۆتۆمۆبێلێکی لێ نەبوو، بەڵام کە سوور بوو ئۆتۆمبێلەکانمان ڕادەوەستان و لەگەڵ هاوڕێیانمان ئەو کارەمان زۆر بە جوانی پێناسە کرد.
٭ ناوبانگی سەرەتای دەرکەوتنت چ هەستێک بوو و هەستی ئێستات چییە؟
ـ هەر لە سەرەتای دەرکەوتنمەوە بە فیلم دەرنەکەوتم، من لە چەندین شانۆگەریدا بەشداریم کرد، دواتر بەشداری درامام کرد و ئەنجا بەرەو فیلم هەنگاوم دەستپێکرد، بەڵام ناوبانگ بۆ من جگە لەوەی هەستێکی زۆر تایبەت بوو، لەوەیش زیاتر پاڵنەرێکی باشی ماددی بوو بۆ ئەو سەردەمەی ئێمە، ئێستا و ئەوسایش دڵخۆشم.
٭ هونەری کوردی چۆن دەبینی؟
ـ لەو سەفەرەی کردمان لەشاری هەڵەبجە فیلمێکی دیکیۆمێنتاریمان بینی دەربارەی کیمیابارانی هەڵەبجەبوو، بەڕاستی کارێکی زۆر جوان بوو، جگە لەوەی چەند کارێکی دیکەمان بینی و کاری باش بوون.
٭ پێش هاتنت بۆ کوردستان بە هونەری کوردی ئاشنا ببووی؟
ـ بەڵێ بێگومان، من کاری زۆرم لەگەڵ هونەرمەند “عەلی بەدرخان” کردووە و ئەویش بە ڕەچەڵەک کوردە، من دەتوانم ئەوە بڵێم کە هێشتا نەهاتبوومە کوردستان کارم لەگەڵ کوردەکان کردووە.