سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سیاسەتمەدارێک: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا هەنگاوێکی یەکجار گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومەت سەردانی شاری بەغدای کرد و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ساز بکەن و سیاسەتمەدارێکی کوردیش ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوی یەکجار گرنگ دەنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی 1ی 2023، د. بوخاری عەبدوڵا، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووتری پەرلەمانی عێراق، بە ڕاگەیاند: ”ئەوە گرنگە کە هەردوو لا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ئامادەیی گفتوگۆیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی لایەنی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت کێشەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و بەئاشتیانە و سیاسییانە چارەسەر بکات و ئەمە هەنگاوی یەکجار گرنگە کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پیادە دەکرێت.”

هاوکات، ئەو سیاسەتمەدارە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “پێم وایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەردوو لا ئامادەییان هەیە و ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، ناڵێم گەشبینم، بەڵام هەنگاوی یەکجار گرنگ دەنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و گفتوگۆ دەربارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تاکوو لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن