ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی شارەوانی دھۆک، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: دھۆک یەکێکە لەو شارانەی ھەرێمی کوردستان کە سروشتێکی جوان و چەندین ناوچەی گەشتیاری ھەیە. لە دھۆک ڕێژەی سەوزایی ١٣.٦%ـەیە، بەرنامەمان ھەیە ئەمساڵ ڕێژەکە بەرز بکەینەوە. دەشڵێ: ساڵی ڕابردوو تەنھا لەلایەن شارەوانی دھۆکەوە ٧٢ پڕۆژەی خزمەتگواری بە گوژمەی سی و هەشت ملیار دینار جێبەجێ کراون، بۆ ئەمساڵیش چەند پڕۆژەیەکی دیکە جێبەجێ دەکرێن، بە تەواو بوونی ھەندێک لەو پڕۆژانە ستراتیژییانە، قەرەباڵغی ناو سەنتەری شار نامێنێت.
- ڕێژەی سەوزایی لە دھۆک چەندە؟
- ڕێژەی سەوزایی لە سەنتەری شاری دھۆک ١٣.٦%ـەیە، بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی زیاد بکرێت، ساڵی ڕابردوو نزیکەی دە پارک دروست کراون، ھەروەھا ئەگەر بوودجەی پێویست لەبەر دەست بێت، ھەندێک پڕۆژەی دیکە کە ڕێژەی سەوزایی زیاد دەکەن، دروست دەکەین، ئەوەش وا دەکات شارەکە جوانتر ببێت و ڕێژەی گەشتیارانیش بەرز بێتەوە.
- چەند پارک لە سەنتەری شاری دھۆک ھەن؟
- لە سەنتەری شاری دھۆک ١٧٦ پارک ھەن، ئەوانەش پارکی گەورە و بچووکن، بەشێکی زۆری ئەو پارکانە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە دروست کراون، ئەوانی دیکەش لەلایەن خەڵکەوە دروست کراون. لە داھاتوودا ھەوڵ دەدەین ژمارەی پارکەکان زیاد بکەین.
- چیتان کردووە بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی زیاد بکەن؟
- پڕۆژە و پلانی باش ھەیە بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی زیاد بکەین. لەو بوودجەی کە دێتە دەستمان بەشێکی باشی بۆ باخچە و پارکەکان تەرخان دەکەین. پڕۆژەیەکمان ھەیە ئەگەر جێبەجێ بکرێت ڕێژەی سەوزایی زۆر لە ئێستە زیاتر دەبێت. ئێستە لە دھۆک نەمامگەکانی خۆمان نەمام بەرھەم دەھێنن، ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی ڕێژەی سەوزایی زیاد ببێت؛ بۆیە وەکو شارەوانی دھۆک گرنگییەکی زۆرمان بە ڕێژەی سەوزایی و دروست کردنی پارک داوە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشی ھاووڵاتیانی شارەکەیە.
- دەبێت ڕێژەی ستاندارد بۆ سەوزایی چەند بێت؟
- لە ھەر وڵاتێک بە شێوەیەکە، بەڵام بەردەوام ھەوڵ دەدەین ئەو ڕێژەی کە ئێستە ھەیە بەرز بکەینەوە، لەم ساڵانەدا بەھۆی وشکە ساڵی و کەمبوونەوەی ئاو، نەمان توانی وەکو پێویست ئەو ڕێژەیە بەرز بکەینەوە، بەڵام لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین.
- زۆرجار دارەکان دەچێنرێن، بێ ئەوەی چاودێریان بکرێت لەناو دەچن، بۆ ئەمە چیتان کردووە؟
- ھەر دارێک بچێنین ئاوی دەدەین و لێ ناگەڕێن زیانی پێ بگات. تیمەکانی ئەندازەی پارکەکان ڕۆژانە چاودێریی باخچەکان و داری نێوەندی شەقامەکان دەکەن، دارێک وشک بێ دەیگۆڕن، یان پێویستی بە چارە بێت چارەی دەکەن، بەڵام ھەندێک جار لە ھەندێک شوێن دارێکی زۆر دەچێنرێت، بێ ئەوەی پارێزگاریان لێ بکرێت لەناو دەچن، ئێمە بۆ ئەوە پلانی گونجاومان ھەیە، ھەر شوێنێک پێویست بکات داری لێ دەچێنین و پارێزگاریشی لێ دەکەین.
- ساڵی ڕابردوو لەناو سەنتەری شاری دھۆک چ پڕۆژەیەکی گرنگ جێبەجێ کراوە؟
- ساڵی ڕابردوو تەنھا لەلایەن شارەوانی دھۆکەوە ٧٢ پڕۆژەی خزمەتگواری بە گوژمەی سی و هەشت ملیار دینار جێبەجێ کراون، بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژانە تەواو بوونە، ئەوانی دیکەش کاریان تێدا بەردەوامە، بۆ ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەکی دیکە جێبەجێ دەکرێن، ھەندێک لەو پڕۆژانە ستراتیجین، بۆ نموونە شەقامی بارزان، کە بە تەواوبوونی قەرەباڵغی ناو سەنتەری شار نامێنێت. ھەروەھا لە بەرنامەدایە چەند شەقامێکی دیکە لەگەڵ ئەندەر پاس و ئۆڤەر پاس دروست بکەین.