ماوەی چەندین ساڵە عێراق کێشەی ئاوی لەگەڵ دراوسێکانی هەیە، نە ئێران و نە تورکیا ئەو ئاوە پێویستە بەرنادەنەوە کە عێراق دەیەوێت سەرچاوەی ئاوەکانیش بەشێکیان بە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت و خاڵی ستراتیجی لە هەر رێککەوتنێکی نوێ کە چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی داهاتوو بێ بە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت .
عێراق سوورە لەسەر گفتوگۆی بڕینی بەشی ئاوەکەی کە لە خاکی ئێرانەوە دێت، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو کۆنگرەی ئاو لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە بەڕێوەبچێت،عێراق گەشبینە ئەو کۆنگرەیە بتوانێ قەیرانی ئاو لەسەری سووکتر بکات کە چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنێت .
عەلی رازی گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، رایگەیاند:”عێراق لە ئاستێکی باڵا لە کۆنگرەکەدا بەشداری دەکات،هەرچەندە هێشتا رۆژی کۆنگرەکە دیار نییە بەڵام یەکێک لەو پرسانەی بە وردی باس دەکرێت بڕ و پشکی ئاوی عێراقە لەو رووبارە هاوبەشانەی لە نێوان هەردوو وڵات هەیە .
ئاوە هاوبەشەکانی ناوچەکە لە ناوچەکانی ئێرانەوە دەرژێنە خاکی هەرێمی کوردستان لەوێشەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق بەڵام چەندین ساڵە ئێران ئەو بڕە ئاوە پێویستە بەرناداتەوە کە عێراق دەیەوێت،چوونی شاند و گفتوگۆکانیش لەماوەی رابردوودا بێ ئەنجام بوون، هەمان کێشەی عێراق لەگەڵ تورکیاش هەیە،عێراق و هەرێمی کوردستان دەیانەوێت لە ئێستاوە خەمی بەهار و هاوینیان بێت و بڕی ئاوی پێویست بەربدرێتەوە،چاوەڕێش دەکرێت لەشاندی عێراق نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت، هەر لە ئێستاشەوە لەو ناوچانەی بارانیان کەمە چاوەڕێی بەردانەوەی ئاوێکی زۆر دەکات لە هەرێمی کوردستان و پێش هەرێمی کوردستانیش لە ئێرانەوە ، یەکێک لەو ناوچانەی زۆرترین کێشەی کەمئاوی هەیە،پارێزگای دیالەیە رێژەی باران بارین تێیدا ئەمساڵ تەنیا 22 سانتیمەتر بووە .
ئامانجی عێراق ئەوەیە لە رێگەی باران بارینەکانی زستانی ئەمساڵ هەڵبدات کێشەی کەمئاوی لە هاینی داهاتوودا نەهێڵێت و کەمبکاتەوە، بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی پێویستی بە رێککەوتنیشە لەگەڵ ئێران و تورکیا، هەنگاوی یەکەم گفتوگۆیە لەگەڵ ئێران، هاوکات چەندین شوێن دەستنیشانکراوە بۆئەوەی پرۆژەکانی ئاودێری باشتر بکرێن، چونکە ئەو پرۆژانەی هەن کاریگەرییان دەبێت لەسەر گلدانەوەی ئاو.”
هاوکات لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان حکومەت جەختی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداوەکان لە هەرێم و نۆژەنکردنەوەیان و بەدەستهێنانی بودجە بۆ ئەم پڕۆژانە لە چوارچێوەی بودجەی سیادیی عێراق کرد.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە داڕشتن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرچاوەکانی ئاو، بەپێی دەستوور ڕێکخراوە و هەرێم بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و دەسەڵاتە دەستووریەکانی خۆی نابێت و پێویستە حکومەتی فیدرالی و هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگ و هاوکاربن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوود لە سەرچاوە ئاوییەکان وەربگیرێت کە سەرچاوەیەکی گرنگیی نیشتیمانییە، بەتایبەتی کە گۆڕانکارییەکانی ژینگە و کەشو هەوا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و بەداخەوە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، یەکێکن لەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوهەوا و بەبیابانبوون و وشکەساڵی و قەیرانی کەمبوونەوەی ئاو بوونەتەوە و ئەمەش وا لە هەموومان دەخوازێت کە هاوئاهەنگ و هاریکار بن بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی زیانەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا.”
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، گەورەترینیان بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخانن؛ بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی وەكو یەكەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق دروستكراوە و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمریكییەوە دروستكراوە.