سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی مافەکانی منداڵان بەپێی رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان

لە چەند رۆژی رابردوودا دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیای ناوخۆیی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆی منداڵێكیان بڵاوکردەوە کە چەند رەفتارێکی نەشیاو و دوور لە دابونەریتی كۆمەڵایەتی ئەنجام دەدات لە یەكێك لەو هۆڵانەی ئاهەنگی سەری ساڵی تێدا بەرێوەچوو.

لەبارەی رووداوەكە د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكومەتی هەرێم رایگەیاند: حکومەتی هەرێم لە بەرنامەی کاریدا کار دەکات بۆ پاراستنی مافی منداڵان بەپێی رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بە یەکێک لە پابەندبوونەکانی چوارچێوەی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت کە ئیستا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە. لەم رووەوە حکومەتی هەرێم رێنمایی و بڕیاری دەرکردووە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان بەتایبەتی لە کاتی پەخشی کەناڵەکانی راگەیاندن و بە کارنەهێنانی منداڵان بۆ مەبەستی تایبەت یان بۆ پروپاگەندە، هەروەها برەودان بە كەلتوری پاراستنی منداڵ لە رێی بایەخدان بە بەهرە هونەری و وەرزشییەكان.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم بەدواداچوونیان بۆ هۆكاری رووداوەكە و زانینی كات و ئەو شوێنەی رووداوەكەی تێدا ئەنجامدراوە دەستپێكرد. رووداوەكە لە هۆڵێكی شاری هەولێر بووە بە ناوی (لۆ میریدیان) لە کاتی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لە شەوی ٣١/١٢/٢٠٢٢ و ئەو منداڵە كە لە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە بەناوی (عقیل بەیان عەبدولحسێن عەبد)ە كە خەڵکی پارێزگای بەسرە، بە مەبەستی گەشت و گوزار و بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی هاتۆتە شاری هەولێر و باوکی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ئاهەنگەكە.

سەبارەت بە رێوشوێنەکانی دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم لە بارەی رووداوەكە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لە سۆشیال میدیا، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای هەولێر بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کرد و دوای پشتڕاستکردنەوەی شوێن و کاتی ڕووداوەکە، ڕێکاری کارگێڕی پێویست بەرامبەر هۆڵەكە گیراوەتە بەر بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕۆژی (٣/١/٢٠٢٣) هۆڵی ناوبراو داخرا و پرۆسەی داخستنیش بە ئامادەبوونی ژمارەیەك کەناڵی میدیایی ئەنجامدرا. لە ڕووی یاساییەوە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی/ دەستەی مافی گشتی داوای لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر کرد سکاڵای سزایی دژی هۆڵەكە و باوکی منداڵەکە بجووڵێنێت لە ئەنجامدا (بەیان عەبدولحسێن عەبد) كە باوكی منداڵەكەیە دەستگیر كراوە و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری دەگیرێتە بەر.

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاشكرای كرد كە ئەو ڕووداوە پێچەوانەی بەها و دابی گشتی کۆمەڵگە و پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەكانی هەرێمی کوردستانە، هاوکات پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانە، هەروەها یەکەم حاڵەتە کە لە هەولێر و هەرێمدا ڕوویدا بێت بەو پێیەی لە ماوەی ڕابردوودا هیچ حاڵەتێکی هاوشێوە تۆمار نەکراوە.