کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی بڕیاری سەرۆکوەزیران بۆ دابینرکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ منداڵانی خانەکانی بێ سەرپەرشتان و ژنانی داڵدەدراو رایگەیاند، بڕیارەکە کاریگەری گەورەی لەسەر ئایندەی منداڵەکان دەبێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوایەکی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەندکرد کە تایبەت بوو بە دابینکردنی ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو منداڵانەی لە خانەکانی بێ سەرپەرشتان تەمەنی 18 ساڵی تەواو دەکەن و دواتر بێ لانە دەبوون، هەروەها بۆ ئەو ژنانەی لە ماڵەکانی داڵدەدانی ئافرەتان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە رووبەڕووی هەڕەشە دەبوونەوە و دوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان خانەوادەکانیان وەریان ناگرنەوە و بێ لانە دەبن.
بە گوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پێشتر ئەو منداڵانەی تەمەنی 18 ساڵییان تەواودەکرد لە خانەکان دەردەکران، چونکە بەپێی پەیڕەوی خانەکان منداڵی بێ سەرپەرشت تا تەمەنی 18 ساڵی بۆی هەیە لەو شوێنانە بمێنێتەوە، دواتر بە بڕیاری دادوەر دەبێت خانەکە بەجێبهێڵێت.
سەبارەت بە مامەڵەی کابینەکانی پێشوو لەگەڵ ژنانی شێڵتەرەکان و منداڵانی بێ سەرپەرشت دوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان، کوێستان محەمەد جەختی لەوە کردەوە، لە کابینەکانی پێشووتردا ئەو منداڵانەی لە خانەکانی بێ سەرپەرشتاندا تەمەنی 18 ساڵییان تەواودەکرد، لەگەڵ ئەو ژنانەی لە سەنتەر و ماڵەکانی داڵدەدان کێشەکانیان چارەسەر دەبوو، دەردەکران و بێ لانە دەبوون، ئێستاش چارەنووسی بەشێكیان نادیارە و هەندێکیشیان تووشی تاوان بوون.
لەبەر ئەم هۆکارانە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی داوای لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە لەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەی لە کوردستان بۆ کەمدەرامەتان دروستدەکرێت، بێ بەرامبەر ژمارەیەک لەو یەکانە بدرێت بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆئەوەی کاتێک منداڵی خانەکان 18 ساڵ تەوادەکەن بێ لانە نەبن، هەروەها ئەو ژنانەش کە لە ماڵەکانی داڵدەدان دەچنە دەرەوە، یەکەیەکی نیشتەجێبوونیان هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، کوێستان محەمەد بە کوردستان24ـی، لە ماوەی ئەم سێ ساڵەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی منداڵەکانی نەکردووەتە دەرەوە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، لەرێگەی خێرخوازان و کۆمپانیاکانەوە، خانوویان بۆ ئەو ژن و منداڵانە پەیداکردووە و تەنانەت کاریشیان بۆ دۆزیوونەتەوە، بۆئەوەی تووشی هیچ لادان و کەموکورتییەک نەبن.
کوێستان محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان دەزانن ئەو ئەرکە بە خێرخوازی نابرێت بەڕێوە، هەربۆیە لەسەر ئاستی حکومی کاریان لەسەر کردووە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی روونیشیکردەوە، ئەو منداڵ و ژنانەی لەو یەکانە نیشتەجێدەبن دوای ئەوەی ژیانێک بۆخۆیان دروست دەکەن، یەکەکان بەجێدەهێڵن و رادەستی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەنەوە و ئەوانیش یەکەکان دەدەن بە ژنان و منداڵانی دوای ئەوان