سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

چەندین سالە دەرمانی ساختە بە نەخۆشخانەیەک دەدرێت

ئامادەکردنی: دەشتی ئیسماعیل

ئەندامێكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ كۆمپانیایەكی هاوردەكردنی دەرمانمان دا بە دادگا، كە حەوت ساڵە دەرمانی ساختە دەدات بە نەخۆشخانەكان.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ مالپەری هەولێر هەردوو پەرکەمانتار عەلی حەمەساڵح و ئەبوبەكر هەڵەدنی، بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ کۆمپانیای (دلێر فارما)مان داوە بەدادگا، ماوەی حەوت ساڵە دەرمانی ساختەی چارەسەری شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دێنێ.

ئەو دوو پەرلەمانتارە ئاماژەیان بەوەكردووە، ماوەی حەوت ساڵە، كۆمپانیای(دلێر فارما) كە كۆمپانیایەكی خوماڵی دەرمانی ساختەكراوی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە دابین دەكات.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ئەم كۆمپانیایە، دەرمانی كۆمپانیا جیهانیەكانی ساختەكردووە و هەموو بەڵگەنامەكانی ئەو كۆمپانیانەی ساختەكردووە، یەكێك لەو كۆمپانیا(Novartis )ی سویسریە، كە بەنوسراوی فەرمی دەڵێ‌: هەموو بەڵگەنامەكانی لەلایەن ئەم كۆمپانیایەوە ساختەكراوە.

ئاماژە بەوەكراوە، بەبڕیاری حكومەتی هەرێم، كاتێك كۆمپانیایەك دەرمانی نەخۆشی شێرپەنجە دەهێنێت داوای ناسنامەی دەرمان(COA) لێدەكرێت، بۆ ئەوەی بزاندرێت ئەو دەرمانە سەلامەت و باوەڕپێكراو چارەسەرە،بەڵام ئەم كۆمپانیا دەرمانی ساختەی هێناوەو بەڵگەنامەی كۆمپانیا جیهانیەكانی هێناوەو دوای حەوت ساڵ لەم كارە پێی وتراوە ئەمە ساختەیە.

بەوتەی ئەو دوو پەرلەمانتارە، هەرچەندە لە ٣ی ١٢ی ٢٠٢٠ەوە كوالێتی كۆنتڕۆڵ داوای لێكۆڵینەوەی لەكاروباری ئەم كۆمپانیا كردووە، بەڵام تائێستا ئەم كۆمپانیا سزا نەدراوە.