ئارام كۆشكی – سلێمانی
ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە ڕۆمان گرنگ و ناوازەکانی نوسەری ناوداری ئەمریکای لاتین (ئەنتۆنیۆ سکارمێتا) کە بە ئینگلیزی بڵاوبۆتەوە و هەر لە ئینگلیزیشەوە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ (کامیل محەمەد قەرەداغی)یەوە کراوە بە کوردی و ئێستا لە کتێبخانەکاندا بەردەستە.
وەرگێڕ سەبارەت بەم ڕۆمانە ئەوەی خستەڕوو کە “ئەم کارەی سکارمێتا تێکەڵەیەکە لە ڕیالیزمی سیحری و تەنزی سیاسی، وەک هەر کارێکی تری ناو ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین لە خوێندنەوەیدا تام و چێژێکی تایبەت دەدات بە خوێنەر.”
سەبارەت بە ناونیشانی ڕۆمانەکەش وەرگێڕ گوتی: “مەبەست لە ناونیشانی ڕۆژگاری پەلکەزێڕینە ئەو دیاردەیەیە کە لە کاتی هەڵبژاردنە سیاسییەکاندا بۆ بەدەستهێنانی پۆست و کورسیی زیاتر، هەموو حزبەکان ئاسمانی شارەکان پڕ دەکەن لە ڕەنگە جیاوازەکان، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەو هەموو ڕەنگانە لە ئاسمانی شارەکاندا و لە سەردەمی دەستەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا لە یارییەکی بێ مانا بەلاوە هیچی تر نییە، بۆیە دەشێت ببێت بە مایەی گاڵتەجاڕی.”
ئەم رۆمانە چیرۆکی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی سەردەمی پینۆشێ لە وڵاتی چیللی دەگێڕێتەوە کە ئەو دەسەڵاتە هەرچی ئازادی هەیە قۆرغی کردووە و هەتا دەگاتە ئەوەی ئەدیبان و نووسەران ڕاودەنێت، هەر بەهۆی ئەم ڕۆمانەوە نووسەری ئەم ڕۆمانەش ئێستە لە تاراوگە دەژی، بەڵام دەستەڵاتەکەی ئەو، بەشێوەیەکی تەنزئامێز لەم ڕۆمانەدا دەکەوێت و نووسەر لەم رۆمانەدا جاڕی مەرگی دیکتاتۆرییەت دەدات.