چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرنجێك لەسەر وەرگێڕانی شیعر

ماوەی چەند ساڵێكە دەبینم كەسانێك، كە خەڵكی دیار و ناوبەدەرەوەشیان تێدایە، شەلم كوێرم ناپارێزم وەنێو كەوتوونە و شیعری كلاسیكی فارسی، بەتایبەتی شیعرەكانی مەولانای ڕۆمی وەردەگەڕێننە سەر زمانی كوردی.

یەكەم خاڵێك كە لە وەرگێڕانەكانی ئەواندا زەق و بەرچاو دیارە و هەر لەوێوە ئیدی خوێنەری ژیر لێیان دەپرینگێتەوە و توخنی كارەكانیان ناكەوێ ئەوەیە ئەوان هەڕە لە بەڕەی عەرووز واتە كێش و سەروا و سەنعەتە ئەدەبی و شیعرییەكان ناكەنەوە. لە حاڵێكدا شیعری كلاسیك، جگە لە عەرووز كە چوارچێوەكەیەتی، ئەوی دیكەی زمان و سەنعەت و جوانكارییە. تۆ كە شتێك دەكەیتە كوردی، پێش هەموو لایەنێك پێویستە چوارچێوەكەی بپارێزیت، كەچی ئەوان لەپێشدا چوارچێوەكەی واتە كێشە عەرووزییەكەی تێك دەدەن چونكە لێی نازانن. ئینجا ڕایەڵ و پۆی ئەو تەونە نەخشینە و بەردی بناغەكەشی تووڕ هەڵدەدەن و سەروا و پاش سەروای دەكوژن، چونكە هەر نازانن ئەو شتانە چین. جا پاش ئەوە چەندی بە تێگەیشتنی خۆیان لە ماناكەی گەیشتن، بە بێگیانی و ساردوسڕ دەیخەنە بەردەم خوێنەری كورد و سەڵا لەوانەی فارسی نازانن. 

لێرەوە با ئاوڕێك لە وەرگێڕان بەتایبەتی وەرگێڕانی شیعر بدەمەوە.

قسەیەكی ماقووڵ و باو هەیە، كە دەڵێ: “وەرگێڕ بە گشتی كەسێكی رەنجبەخەسارە”، بە دوو هۆكار:

یەكەم: ئەگەر دەقەكە زۆر باش وەرگێڕێت، ئەوا خەڵك دەستخۆشی و ئافەرین لە نووسەر و خاوەن دەق دەكەن. ئەگەر خراپیشی وەرگێڕێ، ئەوا خەڵك دەڵێن: هەی دەستت بشكێ و هیچ كوێت لە دیوی دەرەوە نەیەشێ بۆ وەرگێڕانت ئەرێوەڵا…

دووەم: وەرگێڕ رەنجبەخەسارە، چونكە وەك ئەوەیە كەسێك بچێ منداڵی كەسانی دیكە بەخێو بكات. خۆ كورد دەمێكە گوتوویەتی: ئەوەی گوێلكی خەڵك بەخێو دەكات، هەر گوێلەوسار/ گوێلهەوساری پێ دەمێنێ.

جا بۆیە ئەگەر وەرگێڕان بە گشتی رەنجبەخەساری بێت، ئەوا وەرگێڕی شیعر نەك رەنجبەخەسارترە، بگرە دەم لە پووش دەمێنێتەوە.

چەند ساڵێكە لێرە و لەوێ تاكوتەرا و جاروباریش لە دووتوێی كتێبی چاپكراودا، چاوم بە دەقی وەرگەڕێنراوی شیعرەكانی سۆهراب سپێهری دەكەوێ و بەزەییم بەو كەسانەدا دێتەوە كە تامەزرۆی ئەدەبن و فارسی نازانن و هەوڵ دەدەن تۆزێك لەو چێژەی ئێمە لە شیعرەكانی سپێهریی وەردەگرین، وەرگرن، كەچی مخابن ئەگەر بزانن ئەو وەرگێڕدراوانە چۆن وەرگەڕێنراون و بەراوەژوو كراونەتەوە و وەرگێڕەكانیان چۆن دەم لە پووش ماونەتەوە، ئینجا دەزانن چ كڵاوێكیان چووەتە سەر.

شیعر لە چاو باقی ژانرەكانی دیكەی ئەدەب، دەقێكی سرك و تۆڕ و سەربزێوە. ئەو دەقە بۆ وەرگێڕان خۆ بەدەستەوە نادا، بەتایبەتی كە شیعر جیهانێكی پانوبەرین و فرە ڕەهەندە لە زماندا و بە زمان بنیات دەنرێت. زمانی شیعر ئامرازی گواستنەوەی پەیامێكی رووت نییە، زمانی شیعر ئامراز نییە بەڵكو خۆی ئامانجە. ئەو ئامانجەی كە لە فۆرم و مانا و پەیام و مۆسیقادا وەها یەكانگیر دەبێ، ئەگەر بێت و هەر كام لەو توخمان بەلاوە بنێیت و جیای بكەیتەوە، ئیتر ئەو دەقە لە شیعرییەت دەكەوێ، ئیتر ناكرێ ناوی بنێیت شیعر. كە دەڵێین زمانی شیعر ئامراز نییە و ئامانجە، مەبەست ئەوەیە زمانی شیعر ئیتر كەرەستەیەك نییە بتوانی لە یەك ڕەهەندەوە لێی وردبیتەوە و ئینجا لێبڕاوانە بڵێی ئەوە ناسیم و لێی تێگەیشتم، بەڵكو زمانێكە كە وشە تێیدا لە چوارچێوەی تەكمانایی و قامووسی دێتە دەر و دەبێتە بوونەوەرێكی زیندووی فرەڕەهەند و فرەمانا. هەر بۆیە لە وەرگێڕانی شیعردا لەسەر یەك كۆی ئەو جیهانە دەشێوێت و كاتێك ئێمە وەرگێڕدراوی شیعرێك دەخوێنینەوە، وەك ئەوەیە تۆ بە من بڵێی حەز دەكەم فڵان هاوڕێی خۆتم پێ بناسێنیت بەڵام من تەنیا جلوبەرگەكانیت بۆ بێنم.

بۆ وێنە، تۆ چۆن دەتوانی ئەم دێڕەی “نالی” بكەیتە فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی یان هەر زمانێكی دیكە، بەبێ ئەوەی لایەنە ستاتیكییەكانی بشێوێنێ و ئەو فرەماناییەی تێیدایە بیپارێزیت؟ ئەگەر توانیت، كەوابوو تۆ لە نالی گەورەتری:

هەرچەندە گوناهی دەمەكەت بارە لەسەر لێو

حەددی چییە نالی كە بڵێ ماچە كەفارەت

..

لە ئایینی ئیسلامدا گوناهـ بە كەفارەت لەسەر مرۆڤ لا دەچێ. جاری وایە ئەو كەفارەتە ماڵی دنیایە و جاری واشە سزا و تەمبێیەكی جەستەییە كە پێی دەڵێن: حەد… حەددی شەرعی.

وشە فرەماناكانی ئەم شیعرە:

دەم/ دەمەكەت: چوار مانای هەیە:

دەم: زار

دەم: بە عەرەبی واتە خوێن

دەم: كات؛ دەموسات…

دەمەكەت/ یانی كە تۆ دەڵێی دە مەكە… دە وامەكە… گوناهی دە وا مەكەی تۆ لەسەر لێوت بووەتە بار و كەفارەتی ئەو گوناهەش تەنیا ماچە…

بەتایبەتی كە وەختێك ئافرەت بە ناقایلی دەڵێ دە وا مەكە، لێوبەبار و مرچومۆنیش دەبێ…

نالی دەڵێ: ئەگەرچی گوناحی ئەو خوێنەی ئاشق كە ڕشتووتە لەسەر لێوت بووەتە بار…

ئەگەرچی گوناهی ئەو دە وامەكەیەی كە كردووتە

ئەگەرچی گوناحی ئەو دەم و لێوەت كە منیان كوشتووە

ئەگەرچی گوناهی ئەو ساتەوەختەت كە رووی داوە، ئێستا باری سەر لێوەكانتە

ئێستا ئەو گوناهە بە كەفارەت لادەچێ….

بەڵام كەفارەتی ئەو گوناهە ماچە…

جا ئێستا، ئەگەر نالی بڵێ “ماچە كەفارەت” حەددی شەرعییەكەی چییە؟ یانی سزای شەرعیی نالی “حەدد” چییە ئەگەر ئەو نهێنییە ئاشكرا بكات؟

یان نەخێر:

نالی حەددی چییە بێ و بڵێ كەفارەتەكە ماچە؟ یانی نالی “رێی ناكەوێ” شتی وا بڵێ و حەددی نییە…

جا ئەگەر تۆ توانیت هەموو ئەم وردەکارییانە بگوێزیتەوە و نەهێڵی قووڵایی شیعرەکە تەنک بێتەوە من دەستت ماچ دەکەم.

….

ئینجا با بێینەوە سەر سۆهراب: بۆچی ناكرێتە كوردی؟

شاملوو دەڵێ، تەرجومەی شیعر وەك ئەوەیە كەناری/بولبولێك بۆ گۆشتەكەی سەر ببڕیت، لە حاڵێكدا بولبول بۆ خواردن نییە، بۆ خوێندن و چریكاندنە….

لەوەش بگوزەرێین با وای دانێین هەر ناچارین شیعر بكەینە كوردی، وەك شاملووش سەرەڕای ئەم بۆچوونە دیسانیش شیعری شاعیرانی جیهانی كردووەتە فارسی، بەڵام ئەو شیعرە سركانەی خۆ بەدەستەوە نادەن كامانەن؟

تۆ چۆن دەتوانی وەسف و تاریفی جیهانێكم بۆ بكەیت، كە نەك تێیدا نەژیاویت، بگرە بە سەفەریش پێیدا رانەبردووی؟

ئاخۆتۆ چۆن دەتوانی وەسف و تاریفی جیهانێكم بۆ بكەیت، كە نەك تێیدا نەژیاویت، بگرە بە سەفەریش پێیدا رانەبردووی؟

ئاخۆ من كە هیچ سەیرانگە و شوێنێكی ئوسترالیام نەدیتووە، لە رێی فیلمێكەوە دەتوانم جۆرێكی بۆ تۆ بگێڕمەوە كە تەواو بێتە پێش چاوت؟

دنیای شیعری سۆهرابی سپێهری لە هەموو شاعیرانی هاوچەرخی خۆی و بە گشتی فارس جیاوازە، تەنانەت شاملوو تانەی لێ دەدات لەسەر ئەو شیعرەی كە دەڵێ:

آب را گل نكنیم

“با ئاوەكە لێڵ/ شلوێ نەكەین… “

پێی دەڵێ: ئاخر پیاوی چاك لە سەرووترەوە، لای سەرچاوەوە خەریكن پۆل پۆل كۆتر دەكوژن و خوێنەكەی دەڕژێتە نێو ئەم رووبارەوە، ماقووڵ نییە تۆ ئەو خوێناوە نابینیت و بە من دەڵێی ئاوەكە شلوێ مەكە…. ئاوەكە ئیتر بووەتە خوێناو…

جیهانی زەینی سۆهراب، جیهانێكە، كورد ناتوانێ ئەزموونی بكات، جیهانێكی عاریفانەی بێخەوش و بێگەرد و بێخەم و بێ ئازارە. ئەرێ كورد لەم دۆزەخی ژیانەدا دەتوانێ وەسفی ئەو جیهانە بكات كە بە خەونیش رێی ناكەوێتە ئەوێ؟

با نووسینەكە درێژتر نەبێتەوە، ناچمە سەر لایەنی مۆسیقای ناوەوەی شیعرەكانی سۆهراب و دەستەواژە و پێكهاتە و وێنە و ئاماژەكانی كە هێندەی زەوی و ئاسمان لە زەینی كوردەوە دوورن…

هەر بۆیە كاتێك وەرگێڕدراوی شیعری سۆهراب دەخوێنینەوە، هەست دەكەین دەقی منداڵێكی ساویلكە دەخوێنینەوە كە هیچی تێدا نییە… ئەوەش خەتای سۆهراب نییە بەڵكو وەرگێڕەكەیە دەم لە پووش ماوە.

سەید عەلی ساڵحی کتێبێکی هەیە بە ناوی “شرح شوکران.”

راڤەی شیعری شاعیرانی فارسە. لە هەر شاعیرێک سێ چوار شیعری هەڵبژاردووە و شەرح و تەفسیری بۆ نووسیون. بەڵام کە گەیشتووەتە سۆهراب چوار شیعری داناوە و نووسیویەتی: چ دەڵێن با بیڵێن، شیعری سۆهراب راڤە هەڵناگرێ. تەنیا دەبێ بخوێنیتەوە و چێژی لێ وەربگری.

باشە شاعیرێک کە شاعیرانی فارس شیعرەکەیان پێ راڤە نەکرێ، کوردێکی فارسی نەزان كە تەنانەت هەموو پتانسیەلەكانی زمانی كوردییشی نەناسیوە و لێی شارەزا نییە، چۆن لێی تێدەگا بۆ ئەوەی بیکاتە کوردی؟

لە شیعردا كۆمەڵێك توخم یەك دەگرن، كە وەرگێڕ لە وەرگێڕانیدا ناتوانێ دەست وەبن باڵی هەموو ئەو توخمانە بدات و رایانگوێزێتە نێو زمانەكەی خۆیەوە. تۆ چۆن دەتوانی شیعرێك وەرگێڕیت و هاوكات خەیاڵ و گەمە زمانییەكان و مۆسیقای شیعرەكە و جیهانی زەینی شاعیر و پەیامی شیعرەكە راگوێزیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەت لەدەست هات، ئەوا دەبێ ناوت نەنێن وەرگێڕ، بەڵكو پێت بڵێن بلیمەت و پیتۆڵی سەردەم.

لەو نێوەدا چوارینەكانی خەیام كە هەژار كردوونی بە كوردی، باسێكی جیاوازە، چونكە هەر بە قسەی من نا، بەڵكو بە ئیعترافی هەموو ئەوانەی كوردی و فارسییەكی باش دەزانن، لە زۆر جێ چوارینەكانی هەژار لە دەقە سەرەكییەكە شاعیرانەتر و پڕماناتریشە.