د.سەباح حەیدەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق:بەغدا بە ملیاران دینار قەرزداری هەرێمی کوردستانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

د. سەباح حەیدەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕایگەیاند: ھەندێک کەس و لایەن کە لەناو پەرلەمان و حکوومەتدان، چاویان بە پێشکەوتنەکانی ھەرێم ھەڵنایەت، ھەر لەبەر ئەوەش ھەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی ھەولێر و بەغدا ڕێکنەکەون. دەشڵێ: لە چەند ڕۆژی داھاتوودا پرۆژە بوودجەی گشتیی عێراق دەگاتە پەرلەمان، بڕیاریشە پێش ئەوەی بگاتە پەرلەمان، پشکی کوردستان یەکلا بکرێتەوە. دەبێت پشکی ھەرێم لە بوودجە، لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان بێت، کە داوای ١٧%ی بوودجە بۆ ھەرێم دەکەین.

  • بۆچی تا ئێستا چوار سەد ملیار دینارەکە رەوانەی کوردستان نەکراوە؟
  • ھەندێک کەس و لایەن لەناو پەرلەمان و حکوومەت چاویان بە پێشکەوتنەکانی ھەرێم ھەڵنایەت، ھەر لەبەر ئەوەش ھەموو ڕێکارێک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ھەولێر و بەغدا ڕێکنەکەون، ئەگەرنا چوار سەد ملیار دینارەکە ئیستحقاقی ھەرێمی کوردستانە، ئەگەر لە ٢٠١٤ـەوە حساب بکەین بەغدا بە ملیاران دینار قەرزداری ھەرێمی کوردستانە. ھەندێک ڕێکار ماوە تاکو پارەکە ڕەوانەی کوردستان دەکرێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داھاتوودا چوار سەد ملیارەکە بگاتە کوردستان.
  • کەی بوودجە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت؟
  • پڕۆژە یاسای بوودجە ھێشتا لە وەزارەتی دارایی عێراقە، زۆربەی وەزارەتەکان پلانەکانی خۆیان ڕەوانە کردووە، تەنھا چەند ڕێکارێک ماوە، دوای نەمانی ڕێکارەکان، وەزارەتی دارایی پرۆژەکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات، دوای پەسەندکردنی بوودجە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەنێردرێت بۆ پەرلەمان ؛ ئەمە لە کاتێکدایە بڕیار بوو پێش سەری ساڵ بگاتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستە نەگەیشتووە، ھەموو پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن ھەفتەی داھاتوو بگاتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت و ڕادەستی لیژنەی دارایی بکرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
  • پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق چەند دەبێت؟
  • بڕیارە پێش ئەوەی بوودجە بگاتە پەرلەمان، پشکی ھەرێمی کوردستانی یەکلا بکرێتەوە، ھەرێمی کوردستان داوای ١٧% دەکات. بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ھەرێمی کوردستان ١٤%ی رێژەی دانیشتووانی عێراق پێکدەھێنێت، بەڵام زۆر لەوە زیاترە، بۆیە ھەوڵدەدەین ڕێژەکە بەرز بکەینەوە، ئەوەش دەمێنێتەوە لەسەر گفتوگۆیەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، دەبێت پشکی ھەرێم لە بوودجە لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان بێت.
  • ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی حکوومەتی عێراقی لەسەر پێکھێنراوە، کراوەتە بناغەی گفتوگۆکان؟
  • دوو بنەمای سەرەکی ھەن بۆ کارەکانی حکوومەتی سوودانی، ئەوانیش بریتین لە ڕێککەوتنی سیاسیی لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ئیتحادی، لەگەڵ ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە ئەوە بووە ھۆکاری پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق. لە گفتوگۆکانی نێوان شاندی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدا، ھەنگاوی باش نراوە و ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی حکوومەتی لەسەر دامەزراوە کراوەتە بناغەی گفتوگۆکان، حکوومەت بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەتوانێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.
  • لەو ماوەی سوودانی دەستبەکاربووە چ شتێکی کردووە کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت؟
  • بابەتی چوارسەد ملیار دینارەکە، ماددەی ١٤٠ و مەلەفی نەوت و گاز، ئەو مەلفانە خراونەتە ناو بەرنامەی حکوومەت و ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت. لەسەر حکوومەتی سوودانی پێویستە ھەموو ئەو مەلەفانە کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و کاتیان بۆ دیاری کراوە جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی لایەنەکان متمانەیان بە حکوومەتی عێراق ھەبێت و پشتگیری لەو حکوومەتە بکەن.
  • تا چەند پێویستە کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور چارە بکرێن؟
  • دروشمی ئێمە ئەوەیە ھەر کێشەیەک ھەبێت دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بناغەکەی، کە دەستوورە. دەستوور، چارەی ھەموو کێشەکانە، ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان بە ڕێکارە دەستوورییەکان ڕازین، چونکە ھەرێمی کوردستان بەشێک بوو لە دانانی ئەو دەستوورە. ئێستە ھەر کێشەیەک ھەیە ھۆکەی جێبەجێ نەکردنی دەستوورە؛ بۆیە، ئەگەر بمانەوێت کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکرێن، دەبێت حکوومەتی عێراق دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکات، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی عێراقە.
ھەواڵی زیاتر