ڕووداوەكەی پاریس و پەكەكە


هاودەنگ فاروق
هەفتەی ڕابردوو، سێ کوردی بێچەک لە پاریسی شاری جوانی ئاشتیدا بوونە قوربانی بیری ڕەشی فاشیستان.. بەڵام ‎پەكەكە ئەم کارەساتەشی بە لاڕێدا برد و لە دژی بەرژەوەندی و ناوبانگی كوردی شكاندەوە.
یاسای ئەو وڵاتەی پێشێل كرد كە ساڵەهایە بە ئازادی و ئاشتی تێیدا دەژین.
بەرگی توندڕۆیی ئاپۆچێتیی بەبەر خۆپیشاندەراندا كرد و بە تێكدان و سووتاندنی موڵكی گشتی فەرەنسایی و جهیانشیان تووشی سەرسووڕمان کرد. ئەم ڕەفتارە پۆپۆلیستییەی پەكەكە هیچ خزمەت بە دۆزی كورد ناكات بەڵکو خزمەت بە داگیركەرانی كوردستان دەكات. دەبێ هەموو دۆستانمان بزانن پەكەكە نوێنەرایەتیی گەلی كورد ناكات، بەڵكو دژی كورد ڕەفتار دەكات.

پەكەكە ئەگەر نوێنەرایەتیی گەلی كوردی بەشێك لە بەشەكانی كوردستانی كردبا، لە ڕووداوە دڵتەزێنەكەی هەفتەی ڕابردووی پاریسدا، سیاسییانە و بەرپرسیارانە هەڵسوكەوتی دەكرد و ئەو دۆسییەیەی دەكردە دۆسییەیەكی یاسایی و لە بەرژەوەندیی میللەتەكەمان دەیجوڵاند.
لەبنەڕەتدا دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان، دەیانەوێت كورد بەرە و ئاراستەیەک هەنگاو هەڵگرێت كە لەبەرچاوی ڕای گشتی جیهان بەگشتی و ئەورووپا بەتایبەتی بێزارو بێت و وێنەی كورد بەجۆرێك ناشرین بكرێت، تاكو لەداهاتوودا بتوانن بە ئاسانی وەك تاوانبارێك مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و هەر بەپێی یاسای وڵاتانی ئەورووپا كورد بەتاوانبار دەربچێت و ئیدی بەئاسانی دۆزی كورد لەناو ببەن و وەك كۆمەڵێك تیرۆریست لەقەڵەمی بدەن.

زۆربەی جار، پەكەكە ئەم ئامانجەی بۆ داگیركەران ئاسانتر و نزیكتر كردۆتەوە. ئەگەر ئەوان بیانەوێت كورد وەك ئاژاوەگێڕ بناسێنن، پەكەكە دەبوو ئامانجەكەیانی نزیك نەكردبایەوە، بەڵكو دەبوو سیحرەكەیانی پوچەڵ بكردایەتەوە و لەڕێی دادگا و چالاكی مەدەنی و هونەرییەوە هاوسۆزیی شەقامی ئەورووپای بۆ خۆی مسۆگەر بكردایە. بەو جۆرە داگیركەر گۆشەگیر دەبوو، هەم وەك تاوانبارێك دەناسرا و هەم وەك نەخشەكێشێكی بێئەزموون كە نەخشەكەی لەسەر دەستی كورد پوچەڵ بووەتەوە.
بەڵام بەداخەوە پێچەوانەی ئەوە دەبینین، ئەوەتا پەكەكە هاوكاری لایەنی تاوانباری كرد تاوەکو بە یەك بەرد دوو چۆلەكە بكوژێت. هەم تیرۆرەكە بكات، هەم كوردیش لەبەرچاوی ڕای گشتی ئەورووپادا وەك كۆمەڵێك گێرەشێوێن بناسێنێت.
ئەو هاوكاری كردنە بەئەنقەست بێت یان بێ ئەنقەست، ئەنجامەكەی هەر یەك ئەنجامە، دواجار داگیركەر توانی بەئاسانی ئامانجی خۆی بەدەستهێنێت.
بۆیە پێویستە كورد بەدوور لەعاتیفە ڕەوشەكە بخوێنێتەوە. سیاسییانە و بەگوێرەی كەشوهەوای سیاسی و یاسایی و كەلتوری ئەورووپا چارەی ئەو دۆسیەیە بكات، نەك بەشێوەیەكی پۆپۆلیستی پەلاماری جوانییەكانی شارەكانی ئەورووپا بدات. ڕووداوەكەی پاریس هاندەر و هۆكەی هەرچی بێت، نەدەبوو كورد كارێك بكات ئەنجامەكەی بە قازانجی دوژمنانی كورد تەواو ببێت.

ھەواڵی زیاتر