سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پلانی راكێشانی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی بۆ ساڵی 2023 ئاشكراده‌كرێت

محه‌ممه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردن له‌ به‌رنامه‌ی ئابووری ساڵی كوردستان24 ئاشكرایكرد، یه‌كه‌ی راكێشانی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانییان له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان پێكهێناوه‌ و كارده‌ه‌ن له‌سه‌ر دروستكردنی په‌یوه‌ندی و راكێشانی گه‌وره‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی جیهان بۆ كاركردن له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه‌، دوای راگه‌یاندنی بڕاندی كوردستان به‌ناوی (ئینڤێست كوردستان)، ئێستا سه‌رقاڵی دروستكردنی ماڵپه‌ڕێكی تایبه‌تن به‌و بڕانده‌ و له‌ڕێگه‌ی دروشمی (هه‌رێمی كوردستان شوێنی ده‌رفه‌ته‌ باسنه‌كراوه‌كان)، هه‌وڵده‌ده‌ن زانیاری ته‌واو له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان بخه‌نه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین زانیاری به‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی بگه‌یه‌نن له‌باره‌ی كه‌رتی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، محه‌ممه‌د شوكری، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ڕێگه‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌ به‌شێك له‌ نه‌خشه‌ی جیهانی وه‌به‌رهێنان بۆئه‌وه‌ی گه‌وره‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی جیهان به‌ كاریگه‌ری و فیعلی بێن له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌كانی خۆیان له‌ كه‌رتی وه‌به‌رهێنان وه‌گه‌ڕبخه‌ن