سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا ئاماره‌كانی شه‌ڕی داعشی بۆ ساڵی 2022 بڵاوكرده‌وه‌

فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئامارەکانی شەڕی دژی داعشی لە 2022 خستووەتەڕوو.

لە راگەیه‌ندراوەکەدا هاتووە لە ساڵی 2022ـدا هێزەکانیان لەگەڵ هێزە هاوبەشاکانیان لە عێراق و سووریا، 313 ئۆپراسیۆنیان لە دژی داعش کراون، کە 108 ئۆپراسۆنیان لە سووریا و 191 ئۆپراسیۆنیش لە عێراق ئه‌نجامدراوه‌.

فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا ئاشکراشیکردووە، لە ماوەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانیان لە عێراق لە ساڵی 2022، توانیویانە 220 ئەندام و سەرکردەی داعش بکوژن و 159 ئه‌ندام و به‌رپرسی ئه‌و رێكخراوه‌ دەستگیرکراون.

سه‌باره‌ت سووريا, فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا كوژرانی 466 چه‌كداری داعش كوژراون و 215 ئه‌ندامی دیكه‌شیان ده‌ستگیركردووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا روونیكردووه‌ته‌وه‌، له‌ سووریا زیاتر له‌ 10 هه‌زار ئه‌ندام و سه‌ركرده‌ی داعش له‌ زینداندان له‌ عێراقیشدا زیاتر له‌ 20 هه‌زار ئه‌ندام و سه‌ركرده‌ی داعش له‌ زینداندان.

فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی له‌سه‌ر لاوازكردنی داعش له‌ ساڵی 2022 كردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانیان بۆ ساڵی 2023 بەردەوام دەبێت و هێشتا كاری زۆرماوه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانیان له‌ عێراق و سووریا پێكه‌وه‌ ئه‌نجامی بده‌ن.

له‌ ئاماره‌كانی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، له‌ ساڵی 2022ـدا له‌و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییانه‌ی دژی داعش ئه‌نجامیانداوه‌ هیچ سه‌ربازێكیان نه‌كوژراوه‌.

له‌باره‌ی كه‌مپی هۆلیشه‌وه‌، فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا باسی له‌وه‌كردووه‌، زیاتر له‌ 25 هه‌زار منداڵی ئه‌ندامانی داعش له‌و كه‌مپه‌دا هه‌ن و بوونه‌ته‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و رێكخراوه‌.

كه‌مپی هۆل ده‌كه‌وێته‌ دووری 45 كیلۆمه‌تر له‌ خۆرهه‌ڵاتی حه‌سه‌كه‌ و گه‌وره‌ترین كه‌مپی كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعشه‌ و به‌پێی ئاماره‌كان نزیكه‌ی 70 هه‌زار كه‌سی سه‌ر به‌ داعشی تێدایه‌.

رۆژی سێشه‌ممه‌ (27ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، ره‌یچڵ جێفكۆت، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، داعش به‌ ته‌واوی لاوازبووه‌ و هیچ خاكێكی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌ و له‌ رابردوودا تێكمانشكاندووه‌، ئه‌و جموجۆڵه‌ی ئێستا ئه‌نجامی ده‌دات ته‌نیا مه‌به‌ست لێی تێكدانی سه‌قامگیری عێراقه‌.

هه‌روه‌ها گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24 ئاشكراشیكرد، له‌ ساڵی 2023 هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هاوبه‌شیكردن له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ عێراق و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له‌ سووریا له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر.

سه‌باره‌ت به‌ توانای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، گوته‌بێژه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دووپاتیكرده‌وه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ خاوه‌ن توانا و ئه‌زموونێكی زۆرن له‌ رابردوودا رۆڵی به‌رچاویان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر هه‌بووه‌، بۆیه‌ ئێستاش توانای تێكشاندنی هێرشه‌كانی داعشیان هه‌یه‌.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌، ره‌یچڵ جێفكۆت رایگه‌یاند، هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌هێزن و جێگه‌ی متمانه‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بووه‌.