ئهندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پهرلهمانی كوردستان، داوا دەكات قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەو تابلۆیانەی بۆ بانگەشەی شەفافییەت! لە سلێمانی هەڵیواسیون، چارەنووسی ئەو 20 ملیۆن دۆلارە ئاشكرا بكات كە وەك دوو پەرلەمانتار دەڵێن: هەوڵ دراوە بە نایاسایی ببرێتە دەرەوەی وڵات.
دوێنێ عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، هەوڵ دراوە بڕی 20 ملیۆن دۆلار لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە بە نایاسایی ببرێتە دەرەوەی وڵات.
لەمبارەیەوە مهلا جیهاد حهسهن، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان گووتی: داواكارین قوباد تاڵهبانی لهسهر ئهو تابلۆیانەی له سلێمانی بهناوی شهفافیهتەوە دایناون، ڕوونكردنەوە بە خەڵكی كوردستان و بەتایبەتییش سلێمانی بدات و پێیان بڵێت چارەنووسی ئهو 20 ملیۆن دۆلاره چی بەسەر هاتووە؟ پێویستە داواكاری گشتی و دامەزراوەكانی چاودێری و دەزگا ئەمنییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لێكۆڵینهوهیەكی ورد بكهن تاوەكوو بزانرێت چارەنووسی ئەو پارەیە چیە و هی کێ بووە و دەیانویست بۆ کوێی ببەن؟ ئەی ئەگەر هێشتا نەبردراوەتە دەرەوە، پارەكە لە كوێیە و بۆچی هیچ دەزگایەك ڕوونكردنەوەیەك لەمبارەیەوە نادات؟یان وەڵامێكی عەلی حەمەساڵح نادەنەوە؟“
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی كردەوە كە دەبێ قوباد تاڵەبانی روونكردنەوە لەبارەی ئەو پارەیە بدات و گوتی: ”كاتێك دەڵێین لە سلێمانی پارە هەیە، بەڵام پارەكە ناگاتە خەزێنەی حكوومەت و بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی بەكار نایەت، مەبەستمان ئەم جۆرە كارە نایاساییانەیە كە دەرهەق بەو پارەیە دەكرێت كە بە هەر شێوەیەك بێت، دەكرێ ببێتە داهاتێكی گرنگ بۆ حكوومەت و خودی خەڵكی سلێمانییش، ئەگەر نەدزرێت.“
هاوكات ڕوونیشی كردەوە: ”له ئەنجامی ئەم جۆرە سیاسەتەی دەرهەق بە پارە و داهاتەكانی سلێمانی دەكرێت، خهڵكێك نان نییه بیخۆن و لە دۆخێكی خراپدا دەژین، سلێمانی خزمەت ناكرێت، كەچی هەندێكیش بە ئاسانی پارەیەكی زۆر دەبەنە دەرەوەی وڵات یان بۆ خۆیانی گل دەدەنەوە.“