بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنیانەی پاشماوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە و خەڵکی مەدەنی دروستکردووە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی لە بناری چیای قەرەچوغ کە گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستانی لێدەکرا، ئەنجامدا.
وەزارەتی پێشمەرگە، راگەیەندراویکی لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2022، لیوای 14ـی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەهاوکاری و پاڵپشتی بەشی سەگەوانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ناسراو بە (K9) لە بناری چیای قەرەچوغ ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان بەسەرکەوتوویی بەکۆتاهێنا.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا، لیوای 14ـی پیادە، کێوماڵی گوندەکانی (گاور، کەنداڵ، گردەشین، مەلک ئاغا و کەپەنەڕەش)ـیان لەبناری چیای قەرەچوغ کرد، ئامانجی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستان بوو، هاوکات بەرقرارکردن و سەقامگیرکردنی ئەمنیەت وئاسایشی زیاتری ئەو ناوچانە بوو کە گومانی هەبوونی پاشماوەی چەکدارانی داعشی لێدەکرا.