پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرقاڵی ئامادەكاری پڕۆژەیه‌كه‌

پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێ لە رێگەی پڕۆژەیەكەوە بەشداری لە حكوومەتی نوێی عێراقدا بكات و بەرپرسێكی پارتیش دەڵێ، ئێستا سەرقاڵی ئامادەكاری پڕۆژەكەن و دەیانەوێ لایەنەكانیش تێیدا بەشدار بن.

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: “چوونی شاندی پارتیمان بۆ بەغدا، تەنیا بۆ ئەوەیە بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی ھەرێمی كوردستانەوە بزانین لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا، كە چەندین سەردانیان ئەنجام داوە، سەردانەكانیش زیاتر دۆستانە بوون لەگەڵلایەنە شیعی و سونییەكانی عێراق”.

بەرپرسەكەی پارتی دەشڵێت: “بڕیارە لە ھەرێمی كوردستانیش پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكات، ھەتا سەردانی ئەو لایەنانەش دەكەین، كە كورسییان نەھێناوە لە ھەڵبژاردنەكانی ١٠ی ئۆكتۆبەری رابردوودا، پێشتریش سەردانی لایەنەكان كراوە، ئێمە دەمانەوێ بە یەكگرتوویی بچینە بەغدا بۆ دانوستان”.

بڵند ئیسماعیل روونیشی كردەوە: “لە ئێستادا پارتی سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكە بۆ چوار ساڵی داھاتوو بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێی عێراقدا، ئێمە ھەموو ئەو پرسە ھەڵواسراوانەی نێوان ھەرێم و بەغدا دەكەینە پڕۆژە بۆ جێبەجێكردن، دەمانەوێ پڕۆژەكە بكەینە پڕۆژەیەكی گشتگیر و ھەموو لایەنە كوردستانییەكان تێیدا بەشدار بن”.

ھەواڵی زیاتر