دكتۆر كەمال كەركووكی، وەڵامی میدیای فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و رای دەگەیەنێت كە ئەوەی بەرپرسە لەوەی راكان جبووری لە پۆستی پارێزگاری كەركووكدایە، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017یە كە بە واژۆی 38 ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حزبە كراوە.
میدیای فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە خۆلادان لە هاتوچۆكردنی بەردەوامی سەركردەكانی یەكێتی بۆ لای راكان جبووری و ڕێككەوتن لەگەڵی تا ئاستی ئازادكردنی ئەو تیرۆریستانەی كە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سوور بوو و لە بەندیخانەكانی سلێمانی بوون، هەواڵێكیان بڵاو كردۆتەوە گوایە راكان جبووری لە ڕێگەی سەركردەی عەرەبی سوننە (خەمیس خەنجەر)ەوە پەیامی بۆ پارتی ناردووە، ئەمەشیان وەك بەڵگەی هەبوونی پەیوەندی لە نێوان پارتی و راكان جبووری وەسف كردووە. وەك شایەدیدانێكیش لەسەر ئەم بانگەشە ناڕاستانەی خۆیان، قسەی رەوەند مەلا مەحموود، یەكێك لە خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی یەكێتییان هێناوەتەوە.
لە بەرامبەردا دكتۆر كەمال كەركووكی، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی لە كەركووك – گەرمیان گوتی: ”38 ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و سەرۆكی ئەو حزبە، بەرپرسیارن لەوەی ئێستا ڕاکان جبووری وەك پارێزگاری بەوەکالەت بەسەر كەركووكدا سەپێندراوە، چونكە هۆكاری سەرەكیی بوونی راكان جبووری لەو پۆستە خیانەتی (16ی ئوکتۆبەری 2017)یە.“
ئەوەشی وەبیر یەكێتی هێنایەوە كە لە رۆژانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا تەنیا كاریان لەسەر دانانی راكان جبووری نەدەكرد، بەڵكوو ”ھەر یەکێتی بوون دەیان گوت سوپا و حەشدی شەعبی و پۆلیسی ئیتیحادی دێن و کەرکووکیش ڕادەستی یەکێتی دەکەن و فیرقەی مودەڕەعەی نۆ لە بازگەی کەرکووك سلێمانییەوە بە شەقامی حەولییەکەوە بە ڕێگای پردێ بۆ قوشتەپەوە دەچن بۆ ھەولێر، ئێمە شەڕ ناکەین! هەر ئەوان بوون پردی مەکتەب خالیدیان بە بلدۆزەر بۆ ئەو هێزانە دەکردەوە و دەیان گوت ناوی پارێزگار وا لە گیرفانمانە و داوایان لە خەڵکی کەرکووك دەكرد: وەرن دۆمینە بکەین؟“
جەختیشی كردەوە كە خەڵكی كوردستان بە چاوی خۆیان ئەو نووسراوەیان بینیوە كە واژۆی ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی بەسەرەوەیەوە و تێیدا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی راكان جبووری هەم پارێزگاری كەركووك و هەم جێگری پارێزگاریش بێت.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی میدیای یەكێتی بڵاوی دەكەنەوە كە گوایە راكان جبووری گوتوویەتی لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی لە كەركووك كۆبۆتەوە، كەمال كەركووكی گوتی: ”کاك شاخەوان و ھیچ بەرپرسێکی پارتی ھیچ ڕێکەوتن لەگەڵ ڕاکان ناکەن، خۆیشی تا ئێستا چەندین جار داوای کردووە بێتە ھەولێر و بیبینین، وەڵاممان بۆی ناردووە كە وەکوو پارێزگار ناتبینین و ئیعترافمان پێت نەکردووە و نایکەین، ئەگەر وەکوو كەسێكی ئاسایی بێت ئەوە بابەتێکی دیکەیە. ئەوەی کاك شاخەوانیش باوەڕ ناکەم لەوە زیاتر بێت كە کاك شاخەوان لە شوێنێك بووبێت و ئەویش چوبێتە ئەو شوێنە، ئەمەش ئاساییە.“
كەمال كەركووكی دووپاتی كردەوە: ”ئێمە وەکوو بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن، بەرپرسی کاری پارتین لە کەرکووك و گەرمیان، ھیچ کەسێکی دیکە دەسەڵاتپێدراو نییە لەگەڵ ھیج بەرپرس و لایەنێك بەبێ مەکتەبی ڕێکخستن ھیچ ڕێکەوتنێك بکات، ئەگەر فەرمانێك لە سەرووی ئێمەشەوە ھەبێت، ئێمە ئاگادار دەبین، ئەو فەرمانەش تا ئێستا نەبووە و نییە.“