به‌هۆی به‌رده‌وامی ئه‌و شه‌پۆله‌ی به‌فربارین و سه‌رماسۆڵه‌ی چه‌ند رۆژێكه ئه‌مه‌ریكا گرتووه‌ته‌وه، بایدن باری نائاسیی له ویلایه‌تی نیویۆرك راگه‌یاند.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 27ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌پۆلی به‌فربارین و سه‌رماسۆڵه‌ی كه سه‌ره‌تای 23ـی ئه‌م مانگه نزیكه‌ی 12 ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكای گرتووه‌ته‌وه و بووه‌ته هۆی گیانله‌ده‌ستدانی زیاتر له 50 هاووڵاتیی ئه‌مه‌ریكی، باری نائاسایی له ویلایه‌تی نیویۆرك راگه‌یاند.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆشكی سپی، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ته وه‌زاره‌تی ئاسایشی ناوخۆ و ئاژانسی فیدراڵی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی باره نائاسایییه‌كه. ئاماژه به‌وه‌شكراوه، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا داوایكردووه هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كاندا هه‌بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌پۆله‌كه و پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ ئه‌و هاووڵاتییه ئه‌مه‌ریكییانه‌ی پێویستییان به هاوكاری هه‌یه و تووشی زیانی گیانی و ماددی بوونه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ كاسی هووشۆل، حاكمی نیویۆرك ئه‌نجامداوه بۆ زانینی زیانه ماددی و گیانه‌كانی شه‌پۆله‌كه.
له‌سه‌ره‌تای 23ـی ئه‌م مانگه‌وه و تا ئێستا شه‌پۆڵێكی به‌فربارین و سه‌رماسۆڵه 12 ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكای گرتووه‌ته‌وه و به‌هۆیه‌وه تا ئێستا لانیكه‌م 50 هاووڵاتیی گیانیان له‌ده‌ستداوه و كاره‌با به‌سه‌ر زیاتر له 800 هه‌زار هاووڵاتیی ئه‌مه‌ریكی بڕدراوه.