یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

له‌ ئه‌فریقا 20 ملیۆن منداڵ ڕووبه‌ڕووی مردن ده‌بنه‌وه‌

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداریی دا كه‌ له‌ ماوه‌ی پێنج مانگدا، ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی به‌ده‌ست بارودۆخی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن له‌ وڵاتانی ئه‌سیوپیا و كینیا و سۆماڵ، به‌رز بووه‌ته‌وه‌ بۆ دوو هێنده‌.

هه‌روه‌ها ڕێكخراوی مناڵپارێزی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (یونیسێف- UNICEF)  ڕای گه‌یاندووه‌، ئێسته‌ نزیكه‌ی 20 ملیۆن و 200 هه‌زار ملیۆن منداڵ له‌و سێ وڵاته‌ ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی برسێتی و تینوویه‌تی و نه‌خۆشییه‌كی زۆر ده‌بنه‌وه‌، له‌ كاتێكدا له‌ مانگی ته‌مووز به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، ڕێژه‌كه‌ نزیكه‌ی 10 ملیۆن منداڵ بوون، ئه‌مه‌ش به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و ململانێكان و هه‌ڵاوسانی جیهانی و كه‌میی دانه‌وێڵه‌ له‌م ناوچانه‌ .

به‌گوێره‌ی مه‌زه‌نده‌یUNICEF ، نزیكه‌ی دوو ملیۆن منداڵ له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌سیوپیا و كینیا و سۆماڵ، ئێسته‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری به‌په‌له‌ هه‌یه‌ بۆ به‌دخۆراكی توند كه‌ قورسترین جۆری برسێتییه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ نزیكه‌ی 2.7 ملیۆن منداڵ به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ وازیان له‌ قوتابخانه‌ هێناوه‌،  هه‌روه‌ها نزیكه‌ی چوار ملیۆن منداڵی تریش مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌ واز له‌ قوتابخانه‌ بهێنن.

ڕێكخراوی UNICEF هۆشداری دا له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ زیادبوونی فشاره‌كانی خێزانه‌كان به‌هۆی نه‌بوونی خۆراكی پێویست و سه‌ختیی باری گوزه‌رانیان، منداڵان ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی ده‌بنه‌وه‌، له‌وانه‌ كاركردنی منداڵان و هاوسه‌رگیریی منداڵان. لیك ڤان دی وێل جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی یونیسێف له‌  ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ئه‌فریقا ڕای گه‌یاندووه‌، “ئێمه‌ به‌په‌له‌ پێویستمان به‌ هه‌وڵێكی جیهانی هه‌یه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌ وێرانكه‌ره‌كان و قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌كانی سه‌ر منداڵان له‌ قه‌ڕنی ئه‌فریقا”.