سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆبوونەوەدان

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 23ـی 12ـی 2022 سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کرد و ئێستا لە کۆبوونەوەدان.

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی ئەمڕۆ هەینی گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا و کەمێک پێش ئێستا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

جۆرجیا میلۆنی یەکەم ئافرەتە لە مێژووی ئیتاڵیا پۆستی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی وەرگرتبێت، دوای بوونی بە سەرۆک وەزیرانیش بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و دواتریش هاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان باس لە پەیوەندی و دۆستاییەتییە لەمێژینەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا بکرێت، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی و خواستی هەردوولا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ دەکرێت.

لەو سەردانەیدا سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و لە هەمانکاتیشدا سەردانی هێزەکانی ئیتاڵیا دەکات کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە هەرێمی کوردستاندا خزمەت دەکەن.

سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، تەنیا دوای ماوەیەک بەسەر سەردانی کاتالین نۆڤاک سه‌رۆكى هه‌نگاريا دێت کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی و کوردستان کۆبووەوە و پاشان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی عەینکاوە قوتابخانەیەکی کردەوە و دواتر سەردانی ئەلقوشی کرد.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاره‌ هه‌ر له‌ شاری هه‌ولێر له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا هه‌ردوو سه‌رۆک وه‌زیران مه‌سرور بارزانی و جۆرجیا میلۆنی به‌ ئاماده‌بوونی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان و ئیتاڵیا كۆبوونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام بده‌ن، دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن.