بڕیارە دوای چەندین ساڵ لە دواخستنی، سەرژمێریی گشتی لە عێراق بەڕێوە بچێت و سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، ئەگەر بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوە بچێت ئەوە چەند ساڵێکی دیکەی پێویستە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لە ساڵی 2019 بڕیاری ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی دەرچووە، بەڵام بە ھۆکاری جیاواز سەرژمێری دوا کەوتووە، تا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند نەکرێت و ئەو بەشە بودجەیەی بۆ پرۆسەکە دیاری کراوە، نەزانرێت، ئاستی جددیەتی حکوومەتی فیدڕاڵ دەرناکەوێت، ئەگەر بودجەش بۆ سەرژمێری دیاری بکرێت، پێم وایە پرۆسەکە بە کەمتر لە ساڵێک جێبەجێ ناکرێت، لەبەر ئەوەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان ئامادەکاریی زۆری دەوێت.
مەھدی عەلاق، بەڕێوەبەری سندووقی دانیشتوانی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە: “ساڵی ئایندە سەرژمێری گشتی لە عێراق بەڕێوە دەچێت و سەرژمێری لە کاغەزەوە دەگۆڕدرێت بۆ شێوەی ئەلیکترۆنی، بەر لە پرۆسەکەش ئامادەکاری و پێداویستییەکان دابین دەکرێن.”
سەرۆکی دەستەی ئامار گوتی: “ئەگەر پرۆسەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنییش بەڕێوە بچێت ئەوە دوو تا سێ ساڵی پێویستە تا ئامادەکاری تەواو دەکرێت، سەرژمێری بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوە بچێت، لەبەر ئەوەی بناغەی دەوێت، ئەگەر ئێمە بمانەوێ لە ھەرێمی کوردستان ئەو بناغەیە دانێین، ئەوە کاتی دەوێت و من پێشبینی دەکەم پێش ساڵی 2025 سەرژمێری بە ئەلیکترۆنی بەڕێوە ناچێت.”
سیروان محەمەد ڕوونی کردەوە: “دوا کۆبوونەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە سەردەمی کابینەی ڕابردووی حکوومەتی عێراق بووە و لەم کابینەیەدا ھیچ کۆبوونەوەیەک لەبارەی سەرژمێرییەوە ئەنجام نەدراوە، من پێشبینی دەکەم ئەستەمە ساڵی داھاتوو پڕۆسەکە بەڕێوە بچێت.”