دلۆڤان رەحیم – ههولێر
سەرکەوتوویی هەرێمی کوردستان و بوژانەوە ئابوورییەکەی لە ماوەی ڕابردوودا، کەوتە بەر هەڕەشەی دراوسێکانی، ئێستە ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت، یەکەمین ئاستەنگ بۆ هەرێمی کوردستان باشترکردنی دۆخی ناوچەکەیە. دووەمیان، پەیوەندیی بە بەغدا و وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
لەماوەی ڕابردوودا ئەو بۆردوومان و تۆپبارانانەی کرانە سەر هەرێمی کوردستان، بووە هۆی مشتومڕێکی زۆر لەنێو هەموواندا. پێویستە عێراق زیاتر لە خەمی ئاسایش و پاراستنی سنوور و بەهێزکردنی بەرگرییەکەی بێت .
هەرچەندە لە دەستووری عێراق بە ڕوونی بنەما و ڕێساکانی فیدراڵی نووسراوە، دەسەڵاتەکانی حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتی هەر هەرێمێک دیاری کراوە. تەنانەت بە گوێرەی دەستوور هەرێمی کوردستان سەرۆک و پەرلەمان و مافی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان و ئابوورییەکەی هەیە لەسەر بنەمای دانیشتووانەکەی .
گەورەترین و گرنگترین بەرپرسیارێتیی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، بەرگری و سیاسەتی دەرەوە و ئابوورییە، ئەوەش بەپێی پلانێکی ڕاوێژکاری دادەنرێن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمەکان، ئەو پلانەش بانکێکی ناوەندی و بودجەی هەر هەرێمێک دەگرێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەرێمەکان دەسەڵاتی تەواویان هەیە بۆ جێبەجێکردنی کارەکان و ڕاییکردنیان بەپێی دەستوور. هەرێمی کوردستان خاوەنی سیستەمێکی دیموکراتی پەرلەمانیە بە 111 کورسی پەرلەمان، سەرۆک بارزانی یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە 2005 هەڵبژێردرا. هەرچەندە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو جەمسەری شیعەدا دابەش بوون، بەڵام دواجار لەو مافانەی گەلی کوردستان هەیەتی هاودەنگ بوون و مافەکانیشیان وەرگرتنەوە کە سەرۆکی کۆمار و چوار وەزارەت بوو لە حکوومەتی نوێدا. مشتومڕەکانی دوای پێکهێنانی حکوومەت و دابەشکردنی وەزارەتەکان وای کرد کورد بۆ قۆناغی دوای پێکهێنانی حکوومەت بەردەوام بێت لە داواکردنی مافەکانی، نوێترینیشیان داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە، کە چاوەڕێ دەکرێت لە دوای سەری ساڵەوە ئەو گفتوگۆیە گەرمتر بێت و پرۆژەیاسای بودجە بچێتە پەرلەمان .
حوزەیفە مەشهەدانی، لێکۆڵەر لە کاروباری عێراق، دەڵێ: حکوومەتی نوێی عێراق هەوڵ دەدات ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە لەسەر بنەمای ئەوانە دامەزراوە، وەک؛ خزمەتگوزارییەکانی خەڵك، جوگرافیا و ماددەی سەد و چل و پرسەکانی دیکە بەڵێنەکانی حکوومەتی نوێی عێراقن، لە ماددەی سەد و چل دا . ماوەیەک دانراوە بۆ چارەی کێشەکان، بەڵام هێشتا هیچ ئاسۆیەکی چارە دیار نییە سەرەڕای تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر دەست بەکاربوونی کابینەی نوێدا. بەو سەردان و گفتوگۆیانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بۆ پرسی سنوورەکان هەروەها بۆ گفتوگۆی بودجە گەشبینییەک هەیە بۆ چارەسەری ئەو کێشانە، بەڵام هێشتا گفتوگۆکان بەردەوامییان پێویستە و چاوەڕێ دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوو کڕییەک لە پرۆسەی سیاسی هەبێت و پاشان گفتوگۆی گەرمی بودجە دەستپێ بکات.
ئەوەی ئێستا لەسەر عێراقە، چۆنیەتی چارەکردنی ئەو گرفتانەیە کە چەندین ساڵە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە؛ لەوانە سنوورەکان، ماددەی 140، بودجە و پشکی کوردستان. جگە لەو پرسانەش، هەردوولا واتە هەولێر و بەغدا دەیانەوێت لەگەڵ دراوسێکانیش پرسی سنوور بگەیەننە چارەیەک، هەرچەندە هێشتا ئەو پرسە نەبووەتە خەمێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێشتا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی تووندی نەبووە لەسەر بەزاندنی سنوورەکانی عێراق و چۆنیەتی پاراستنیان، عێراقیش بە سیاسەت و تووندوتۆڵکردنی سنوورەکانی نەچووەتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە بەنیازە سێ هەزار کەس بۆ پاسەوانی سنوور دابمەزرێنێت .