چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

گرنگیی پۆڕک و پێوه‌ره‌ کۆمەڵایەتییه‌كان له‌ ژیاندا

لە هەموو کۆمەڵگا مرۆییه‌كاندا، ڕەفتاری تاكه‌كان لەسەر بنەمای پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دامەزراوە. لە ڕاستیدا پێوه‌ره‌كان کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و ڕەچاونەکردنیان لەلایەن کەسانی پێوه‌ربەزێنەوە وێرانکەرە و كاره‌ساتی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، چونکە شیرازه‌ی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە دەکرێ بڵێین، پۆڕک و پێوه‌ر (Norm) و نەپۆڕک و بێپێوه‌ری (Anomie) کە دوو چەمکی بنەڕەتی کۆمەڵناسیین، بەتایبەت کۆمەڵناسیی لادانەکان، کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە لە ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا و دروستکردنی شیرازه‌ی کۆمەڵایەتی یان تێکچوونی، کە هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌ وردی هه‌موو پنت و لایه‌نه‌كانی ڕوون بكه‌مه‌وه‌:

1- نۆرم
وشەی نۆرم (norm) هاوتایەکی لاتینی هەیە. لە زمانی لاتینیدا نۆرم مانای حوکمڕانی دێت و لێرەوە، ئاماژه‌ به‌ یاسا یان حوکم ده‌گات. لە كاتی ئاخاوتندا، ئەم وشەیە زیاتر مانای ڕێسا و یاسای هه‌ڵگرتووه‌، واتە وەک یاسا، ڕێسایەک یان پرەنسیپێک کە دەبێت ڕێنمایی یان ڕێبەری ڕەفتاری تاكه‌كات بکات بەکاردێت. ئاندرێ لالاندێ (Andre Lalande: 1867-1963)، توێژەر و فەیلەسوفی فەرەنسی، بە تێڕوانینێکی فەلسەفیترەوە، پێوه‌ره‌كان بەم شێوەیە پێناسە دەکات كه‌ بریتییه‌ له‌ “جۆرێکی کۆنکرێتی یان فۆرمولەی ئەبستراکت لەوەی کە دەبێ چی بێت (لە هەر چوارچێوەیەکدا کە حوکمدانی بەهای تێدا هه‌بێت)؛ بۆیە مانای ئایدیاڵ، ڕێسا، ئامانج و مۆدێل بەپێی حاڵەتەکان لێ هه‌ڵده‌هێنجێنرێت.”
لە مانا کۆمەڵناسییه‌كه‌یدا، پێوه‌ره‌كان پێیان دەوترێت نەخشەی ستانداردی ڕەفتار. ئەم نەخشانە ئاماژەن بۆ ڕەفتاری ئایدیاڵ یان خوازراوی کۆمەڵگا. پێوه‌ره‌كان لە کۆمەڵناسیدا وەک یاسایەکی ڕەفتاری کار دەکەن کە نەک تەنها مرۆڤەکان بۆ ئەنجامدانی کارەکان پەیڕەوی لێدەکەن، بەڵکو لە هەمان کاتدا، ڕەفتاری مرۆڤ بەو یاسایەش دەپێورێت. بۆیە ئەوە پێوه‌ره‌ کۆمەڵایەتییەکانن کە دیاری دەکەن مرۆڤ چی بڵێت و خۆی لە وتنی چی بەدوور بگرێت. چۆن بیر بکەینەوە و چۆن هەڵسوکەوت بکەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، هەموو کەسێک هەوڵ دەدات ڕەفتاری خۆی لەگەڵ پێوه‌ره‌ کۆمەڵایەتییەکان بگونجێنێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا وەک ئەندامێک قبوڵی بکات. یاسا و شێوازی جلوبەرگ و ڕێسا فەرمی و کارگێڕییەکان و ڕێوڕه‌سم و حوکم و بەرنامەی پەروەردەیی و ڕێساکانی وەرزش و یارییەکان و داب و نەریت و هاوشێوەکانی لە پێوه‌ره‌ گرنگه‌كانی کۆمەڵگا مرۆییه‌كانن. پێوه‌ر وەک میتۆدی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی دۆرکهایمەوە جێگەی سەرنجی کۆمەڵناسەکان بووە، بەڵام مێژووی چەمکی پێوه‌ر بۆ ئەو سەردەمەی مرۆڤ دەگەڕێتەوە كه‌ ڕەفتارەکانی خۆی تیا تۆمار کردووە و ته‌نانه‌ت ئەم چەمکە لە شیکاری فەلسەفی و ئاكاریشدا لەبەرچاو گیراوە، هەرچەندە وشەی پێوه‌ر لە ڕووی چەمکسازییەوە بە چه‌مكێكی نوێ دادەنرێت.
بە گشتی دەتوانین بڵێین پێوه‌ره‌ کۆمەڵایەتییه‌كان چه‌ندان تایبەتمەندی گرنگ و به‌رچاویان هه‌یه‌، كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌وردی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ بخه‌ینه‌ ژێر سه‌ره‌نجه‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ كۆمه‌ڵێ تایبه‌تمه‌ندی گه‌ردوونی و كۆمه‌ڵێ تایبه‌تمه‌ندی لاوه‌كی هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێی كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌كان ده‌گۆڕدرێت، به‌ڵام ئه‌مانه‌ گرنگترین تایبه‌نمه‌ندییه‌ گه‌ردوونییه‌كانن:
یه‌كه‌م: ڕێسا و پێوەرەکانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی (ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکی هاوبەش و کردەی کۆمەڵایەتی)؛
دووه‌م: ڕێزگرتن لە زۆرینە؛
سێیه‌م: سزادان لە حاڵەتی پابەندنەبوون به‌ پێوه‌ره‌كانه‌.
لە ئەنجامی ئەم سێ هۆکارەدا، پێوه‌ره‌كان لە ڕاستیدا دەبنە ڕێنمای و ئاراسته‌ی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، یان بە وتەی ڕالف دارندۆرف و ئەوانی دیکە، “گرامه‌ری کۆمەڵایەتی”، چونکە ڕۆڵە سەرەکییەکەی پێوه‌ره‌كان لە کۆمەڵگادا بریتییە لە ڕێکخستنی شیرازه‌ی کۆمەڵایەتی و پەیڕەوکردنیان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
لەم ڕووەوە، پێوه‌ره‌كان کاریگەرییان لەسەر بەها و هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، کە ڕەفتارەکان دیاری دەکەن و لە هەمان کاتدا قەدەغەشیان دەکەن. كۆمه‌ڵناسه‌كان پێوه‌ره‌ کۆمەڵایەتییه‌كان بە ڕووكاری دەرەکی بەها کۆمەڵایەتییەکان دەزانن. پێوه‌ره‌كان دەمێننەوە، چونکە لەگەڵ سیستەمی بەهاکانی کۆمەڵگادا هاوڕان و وەڵامی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی تاكه‌كان دەدەنەوە.
سه‌باره‌ت سەرچاوەی پێوه‌ره‌كان ده‌توانین بڵێین هەندێک پێوه‌ر لە ڕێگەی ئایین، دەسەڵاتی یاسادانان، یان حکومەتەکانەوە دروست دەبن و زۆرێک لە پێوه‌ره‌كانی ژیانیش لە خوو و نەریتەکانەوە سەرچاوە دەگرن و دەخرێنە ڕیزی شێوازە نەریتی و دووبارەبووەکانی ئەنجامدانی کارە ڕۆژانەکانەوە. بە شێوه‌یه‌كی گشتی ئەم پێوه‌رانه‌ وەک پێوه‌ره‌ ئایینییه‌كان، پێوه‌ره‌ فەرمییه‌كان و پێوه‌ره‌ نەریتییه‌كان لە کۆمەڵگادا دەردەکەون.
بەگشتی دەتوانرێت پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بەپێی جۆری سزاکەیان پۆلێنبه‌ند بکرێت بۆ نموونه‌:
یه‌كه‌م: پێوه‌ره‌كانی دیسپلین؛ ئاماژەیە بۆ ئەو پێوه‌رانه‌ی کە دەستەی حوکمڕان لە کۆمەڵگەیەکدا لێی بەرپرسیارە و پابەندە بە جێبەجێکردنی و پێشێلکردنیشی دەبێتە هۆی سزای دەرەکی و بابەتیی وەک لەسێدارەدان، زیندان، غەرامە و هاوشێوەکانی.
دووه‌م: پێوه‌ره‌ مرۆییه‌كان؛ ئەوانیش ئەو پێوه‌رانه‌ دەگرێتەوە کە مرۆڤ بەهۆی شەرمەزاری و ترس و گاڵتەپێکردن لەلایەن کەسانی ترەوە، ئەم پێوه‌رانه‌ پەیڕەو دەکات، بۆ نموونە هاوسەرگیریکردن لە مانگە قەدەغەکراوەکان و به‌خێرنه‌هێنانی میوان لەم جۆرانه‌ن.
سێیه‌م: پێوه‌ره‌ ئاكارییه‌كان؛ چه‌ندان پێوه‌ر هه‌ن کە لە ئەنجامی هێزێکی ناوخۆییدا پەیڕەوی لێ دەکەن کە وا لە خەڵک دەکات شوێنی بکەون.
بروس کۆهین دوو تایبەتمەندی بۆ پێوه‌ره‌كان خستۆته‌ ڕوو. لەم ڕووەوە دوو چەمکی ئاگاداركردنه‌وه‌ و ڕێنمایی بەکارهێنا و وتی: “نۆرمەکانی ئاگادارکردنەوە ئه‌وه‌ دیاری دەکەن کە مرۆڤ نابێت چی بکات، بۆ نموونە بە کەسێک دەوترێت نابێ دزی و کوشتن بکات”. بەڵام نۆرمەکانی ڕێنمایی ئەو ڕەفتارانە دیاری دەکەن کە لە کەسێکدا لە هەندێک بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا چاوەڕوان دەکرێن. بۆ نموونە چاوەڕوان دەکرێت کەسێک لە کاتی خۆیدا به‌رنامه‌ و پلانه‌كانی جێبه‌جێ بكات و جل و بەرگی گونجاو لەبەر بکات و یاساکان جێبەجێ بکات.
بۆیه‌ دەکرێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کە نۆرمە دیاریکراوه‌كان ئه‌و نۆرمانه‌ن کە پێویستە ئەندامانی کۆمەڵگا ڕەچاوی بکەن و ئەگەر جێبەجێ نه‌كه‌ن، ئه‌وان تاکه‌كان وەک کەسێکی نائاسایی و بێ پێوه‌ر له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، کۆمەڵگاش تووشی نائارامی و بێ سەروبەری دەبێت. لە لایەکی ترەوە، نۆرمەکانی ئاگادارکردنەوە ئەو نۆرمانه‌ن کە مرۆڤ نابێت لە کۆمەڵگادا بیکات و ئەگەر ئەنجامی بدات سزا دەدرێت.
بەپێی تیۆره‌ کۆمەڵناسییەکان، مرۆڤ لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکەوە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگادا دروست دەکات، لەنێویاندا: به‌کۆمەڵایەتیبوون، خوو، بەسوودبوونی پێوه‌ره‌كه‌، پابه‌ندبوون به‌ گروپ، پاداشت، كه‌ له‌ خواره‌وه‌ به‌ كورتی له‌سه‌ر هه‌یه‌كه‌یان ده‌وه‌ستین و شییان ده‌كه‌ینه‌وه‌:

  • بەکۆمەڵایەتیبوون (socialization): بەکۆمەڵایەتیبوون بریتیە لە پرۆسەیەک کە مرۆڤ لەڕێگەیەوە بە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان ئاشنا دەبێت و لێهاتوویی پێویست بەدەست دەهێنێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی جیاواز بە شێوەیەکی دروست بکات. بەکۆمەڵایەتیبوون پرۆسەیەکە لە لەدایک بوونەوە دەست پێدەکات و تا مردن بەردەوام دەبێت و لە هیچ قۆناغێکدا ناوەستێت، بەڵام ماوەی هەرزەکاری و گەنجی لە قۆناغەکانی تر گرنگترە.
  • خوو(habit): خوو، وەک میکانیزمێکی دەروونی کە بە دووبارەبوونەوەی شتە فێربووەکان دروست دەبێت. بۆیە دەکرێت خوو وەک مەرجی دووەم بۆ پابەندبوون و پەیڕەوکردنی نۆرمەکە هەژمار بکرێت، “کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی تاڕادەیەک هاوشێوە و بۆ ماوەیەکی درێژ پراکتیزە و دووبارە دەکەنەوە، “عادەتێکی کۆمەڵایەتی” دروست دەبێت. ئەمەش شێوازێکی دووبارەبوونەوەی بیرکردنەوە و مامەڵەکردنی (پێوه‌ر) یان ستانداردێکی کولتوورییە.
  • نۆرمه‌ به‌سووده‌كان (usefulness norm): بەشێوەیەکی گشتی، مرۆڤەکان ئەم هەستەیان هەیە کە پێوه‌ره‌كان بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزن و ئەو سوود و بەرژەوەندییانە بە بەکارهێنانی میکانیزمێكی دیاریكراو دەپارێزرێن و لەڕاستیدا ئه‌ركی پێوه‌ره‌كان سوودی بۆ کۆمەڵگاش هەیە، بۆیە بوونی ئەم ڕوانگە ئەرێنییە بەرامبەریان وا لە خەڵک دەکات مەیل و ئاره‌زوویان بۆ پێوه‌ره‌كان هەبێت. بۆنموونە ئەگەر کەسێک ڕێز لە گڵۆپی سووری ترافیكه‌كان بگرێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە هەست دەکات ژیانی خۆی لە مەترسی دەپارێزێت.
  • پابەندی بە گروپ (group commitment): مرۆڤ لە کۆمەڵگادا زۆرترین مەیلی بەرەو ئەو پێوه‌رانه‌ نیشان دەدات کە زیاتر لەگەڵی دەگونجێ. لە ڕاستیدا دڵسۆزی و پابه‌ندی خەڵک بۆ پێوه‌ره‌كانی گروپەکێكی دیاریكراو، پابه‌ندییه‌كی ڕێژەییە لەگەڵ ئاستی سەربەخۆیی و پابەندبوونی خەڵک بە گروپەکە و تا ئاستی ئەم سەربەخۆییە بەرزتر بێت پابەندبوون و هۆگری خەڵک بە نۆرمەکانەوە زیاتر دەبێت و بە پێچەوانەشەوە هه‌ر ڕاسته‌.
  • سزا (sanction): هۆکارێکی دیکە کە ناچارمان دەکات پەیڕەوی لە پێوه‌ركان بکەین، بەهۆی پاداشت یان سزای شاراوەیە. بەگشتی کۆمەڵگا بەها و پاداشتی ئەو پێوه‌رانه‌ دەدات کە سروشتێکی پاڵنەریان هەیە و خۆپاداشتکردنەکەش دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەیڕەوی لە شێوازە ڕەفتارییەکان بکاتەوە و لە لایەکی دیکەوە پشتگوێخستن و په‌راوێزخستنی ئەو پێوه‌رانه‌ی کە سروشتی سزادانیان هەیە، ده‌بنه‌ هۆكار و پاڵنەر بۆ وەرگرتنی پاداشت یان دوورکەوتنەوە لە سزا، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ پەیڕەوکردن و گوێڕایەڵبوون به‌رامبه‌ر پێوه‌ره‌كان.
    وێڕای ئه‌وه‌ش، کاتێک مرۆڤ بە تەنیا لە پێوه‌ره‌كانی کولتوورەکەی لادەدات و لەڕاستیدا ئەو جۆرە پێوه‌رانه‌ ڕەتدەکاتەوە، کەسێکی لەو جۆرە بە كه‌سێكی لاده‌ر و نائاسایی و بێ پێوه‌ر دەناسین، بەڵام کاتێک کۆمەڵێک مرۆڤ بە پێچەوانەی پێوه‌ره‌كانی قبوڵکراوی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی دەستەجەمعی مامەڵە دەکەن، کردارەکەیان پێی دەوترێت لادانێکی گروپی. پێویستە جەخت لەسه‌ر ئه‌وه‌ش بکەینەوە کە لە دۆخێکی لەو جۆرەدا، کەسەکە لەڕاستیدا بەپێی پێوه‌ره‌كانی کولتوورەکەی مامەڵە دەکات و هەر ئەم کولتوورەش هه‌ندێكجار پێوه‌ره‌كانی کۆمەڵگا ڕەتدەکاتەوە.