هێمن خەلیل- هه‌ولێر
پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. حه‌مه مه‌نتك، خاوه‌نی چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه و كتێبی ناوازه‌یه له بواری ڕه‌خنه و ئه‌ده‌بدا، بۆ له‌نزیكه‌وه ئاگاداربوون له‌باره‌ی ڕخنه، دیدارێكمان له‌گه‌ڵیدا كرد.
سه‌ره‌تا باسی له پله‌ی زانستی و ماسته‌رنامه و دكتۆرانامه‌كه‌ی كرد و گوتی: “ئێستا پڕۆفیسۆری یاردهدهرم له به‌شی زمانی كوردی، كۆلێژی په‌روه‌رده – شه‌قڵاوه. هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دوكتۆرام. ماسته‌ره‌كه‌م له زانكۆی سلێمانی به‌ده‌ست هێناوه به ناونیشانی (ته‌كنیكی فره‌ده‌نگی له ڕۆمانی كوردیدا)؛ ئیشم له‌باره‌ی فره‌ده‌نگی له‌ناو ڕۆماندا كردووه. ئه‌و ته‌كنیكه‌ی تیۆریزانی ڕووس (میخائیل باختین) له ڕۆمانه‌كانی (دیستۆیڤسكی)یه‌وه دۆزیه‌وه. ئه‌م ته‌كنیكه ده‌بێته هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڤه‌گێڕ (الروای) له‌ناو ڕۆماندا تێك بشكێ و ئازادی بدرێت به كاره‌كته‌ره‌كان، كه خاوه‌ن ده‌نگ و ڕه‌نگ و چیرۆكی خۆیان بن. هه‌رچی دوكتۆراكهمه له‌باره‌ی سیمیۆلۆژیای گێڕانه‌وه‌یه، ئه‌و مێتۆده‌ی تیۆریزان (گریماس) بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی دایهێنا. من هاتووم به‌م تیۆر و مێتۆده نوێیه كه‌ره‌سه‌یه‌كی كۆنی وه‌كو هه‌قایه‌تی ئه‌فسانه‌یی فۆلكلۆری كوردیم ڕاڤه كردووه.”
د. حه‌مه مه‌نتك له‌باره‌ی زاراوه‌ی ڕه‌خنه ده‌ڵێ: “زاراوه‌ی ڕه‌خنه (Criticism) زاراوه‌یه‌كی ئینگلیزییه و بنه‌ڕه‌تی زاراوه‌كه بۆ یۆنانی كۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه. له هه‌ردوو زاراوه‌ی Krinoی یۆنانی، كه به واتای ده‌ركردنی بڕیارێك دێت، هاوكات له زاراوه‌ی Kritesیش دێت، كه واتای دادوه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت. كه‌واته وه‌كو زاراوه له كۆندا به واتای بڕیاردان له‌باره‌ی شتێكه‌وه ده‌هات. ئه‌م تێڕوانینه تاكو ئه‌م سه‌رده‌مه‌یش له كن زۆرێك له نووسه‌ران باوه، كه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بریتییه له دۆزینه‌وه‌ی كه‌موكووڕی و لایه‌نی ناهونه‌ریی ده‌ق. به‌ڵام ڕه‌خنه له‌وه فراوانتر و قووڵتره، چونكه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كۆی بواره‌كانی دیكه‌ی زانسته مرۆڤایه‌تی و پەتیهكاندا هه‌یه و تێكهڵیانه. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له كورتترین پێناسه‌یدا بریتییه له توێژینه‌وه له ده‌قی ئه‌ده‌بی و كه‌شفكردن و دۆزینه‌وه و كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی ناو ده‌قه. ئه‌وه‌ی جێی داخه ئه‌م تێگه‌یشتنه له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا زۆر به كه‌می ئاماده‌یی هه‌یه؛ ئه‌وه‌ی هه‌یه به شێوه‌یه‌كی گشتی دژبوون، یان لایه‌نگیرییه بۆ ده‌قه‌كه، باشتر بڵێم بۆ نووسه‌ره‌كه، كاتێك ڕه‌خنه‌گرێك له توێژینه‌وه‌كه‌یدا نووسه‌ری ده‌ق ده‌كات به سێنته‌ری باسه‌كه‌ی، كه‌متر ده‌توانێت خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌ی خۆی بنووسێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت ده‌چێته خانه‌ی به‌ره، یان دژی ئه‌و كه‌سه. دۆزینه‌وه و باسكردنی لایه‌نی ناهونه‌ری و كه‌موكوڕی ده‌ق به‌شێكه له كاری ڕه‌خنه، نه‌ك هه‌مووی، كاتێكیش ده‌مانه‌وێ ئه‌مه باس بكه‌ین، ده‌بێ پێوه‌رمان هه‌بێت، له‌خۆڕا قسه فڕێنه‌ده‌ین. بۆیه‌یش تاكو ئیستا به ده‌گمه‌ن نه‌بێت نه‌ماتوانیوه له ڕێی ڕاڤه‌كردن و شیكردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌وه، دروستتر له ڕێی ڕه‌خنه‌وه نه‌مانتوانیوه خۆمان و كۆمه‌ڵه‌كه‌مان بناسین.”
له‌باره‌ی ئامانجی رەخنهی ئه‌ده‌بیه‌وه ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ ڕای وایه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌وڵێكه بۆ خستنه‌ڕووی دیوی دووه‌می ده‌ق، ئه‌و دیوه‌ی، كه خوێنه‌ر نه‌توانێت كه‌شفی بكات. هه‌رچه‌نده به گوێره‌ی تیۆرییه تازه‌كانی ڕه‌خنه، خوێنه‌ر ده‌بێته سێنته‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری واتای ده‌ق. به‌مه‌یش خوێنه‌ر ئه‌ركی ڕاڤه‌كردنی ده‌قی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ و هه‌مان ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر ده‌بینێت. له ڕێی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه ئێمه ده‌توانین ده‌ق بهێنینه قسه، واته ڕه‌خنه ده‌یه‌وێ له هه‌ناوی ده‌قه‌وه ده‌قێكی دیكه بخولقێنیت، هه‌رگیز ڕه‌خنه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق بۆ ناوه‌وه‌ی ده‌ق نایه‌ت، به‌ڵكوو له هه‌ناوی ده‌قه‌وه دێته ده‌رێ و ده‌بێته‌وه به ده‌قێكی تر. ئامانجی ڕه‌خنه بریتییه له دامه‌زراندنی دایه‌لۆگ له‌گه‌ڵ ده‌قدا، له‌وێوه ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌یه‌وێت له هه‌ناوی ده‌قه‌كه‌دا كه‌شفی بكات. كه‌واته به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕه‌خنه مه‌نه‌لۆگ نییه، هه‌ر كاتێك ڕه‌هه‌ندی دایه‌لۆگ له ڕه‌خنه دابڕێندرا ئه‌وا شتێك نامێنێته‌وه به‌ناوی ڕه‌خنه، به‌ڵكوو ده‌بێته ئایدیۆلۆجیا، ده‌بێته وتارێكی سیاسی. دایه‌لۆگ به واتای وروژاندنی پرسیاره، به واتای یه‌كسانییه له نێوان ڕه‌خنه و ده‌قدا، نه ده‌ق پاشكۆیه، نه ڕه‌خنه‌یش ده‌بێته پاشكۆ، به‌ڵكوو هه‌ردووكیان ڕێز له بۆچوونی یه‌كدی ده‌نێن و ئامانجیان تێگه‌یشتنێكی جوانیناسانه‌یه بۆ ده‌ق. ئه‌م هاوسه‌نگییه ته‌نێ له ڕێی دایه‌لۆگه‌وه به‌دی دێت. ئه‌مه له یه‌ك كاتدا ئامانج و گرنگی ڕه‌خنه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، كه ده‌توانین بۆ ئه‌زموونی ژیان سوودی لێ وه‌رگرین، واته له ژیانیشدا ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به دایه‌لۆگ نه‌بێت و دایه‌لۆگ بنه‌مای ژیانمان نه‌بێت، فره‌ڕه‌نگی و فره‌ده‌نگی له ژیان كاڵ ده‌بێته‌وه، یان هه‌ر نامێنێت.
له پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. حه‌مه مهنتكمان پرسی بابه‌تی ڕه‌خنه تاچه‌ند له به‌شه كوردیدا گرنگی پێ ده‌درێت؟ ئه‌ویش له وه‌ڵامدا گوتی به‌داخه‌وه ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌م، له به‌شی كوردیی زۆربه‌ی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستاندا چ له خوێندنی به‌كالۆریۆس، یان ماسته‌ر و دوكتۆرا ئاماده‌یی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ته‌نێ له خوێندنی وانه تێپه‌ڕ ناكات. تۆ ته‌ماشای مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بكه، زۆربه‌ی تیۆریزانان مامۆستای زانكۆ بوونه، واته ڕه‌خنه له زانكۆوه تیۆرییه‌كانی داڕێژراوه و بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به بڕوای من چ له كۆن و چ له ئێستادا به‌شه كوردییه‌كان ڕۆڵیان هه‌بووه له كوشتنی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی. با ئه‌مه بسه‌لمێنم، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ته‌نێ له چوارچێوه‌یه‌كی وانه‌یه‌ك تێپه‌ڕ ناكات، ئه‌ویش جوینه‌وه‌ی چه‌ند مهلزهمهیهكه، كه نووسینه‌كانی ناوی له ده‌ستی دووه‌م و ده‌یه‌مه‌وه وه‌رگیراون. كامانه‌ن ئه‌و مامۆستایانه‌ی وانه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌ڵێنه‌وه خاوه‌ن وتار و كتێبی ڕه‌خنه‌یین؟ سه‌تا نه‌وه‌د و نۆی ئه‌و مامۆستایانه ته‌نێ چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كی ساده و له قاڵبدراویان نووسیوه ئه‌ویش بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی، ده‌نا وهكیدی ناوی پێنج دانه‌م بده‌رێ خاوه‌ن كتێب و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی بن. ئاخر ماڵوێرانییه مامۆستا نه‌توانێت پرۆگرامێك بۆ خۆی دابنێت له‌و بابه‌ته‌ی ده‌یڵێته‌وه. به‌داخه‌وه ئه‌م پاشه‌كشه و نه‌بوونی ڕه‌خنه له زانكۆكان من بۆ چه‌ند هۆكارێكی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه. یه‌كه‌م، زۆرێك له مامۆستاكان، زانكۆ وه‌ك شوێنێك بۆ كاسبی تێده‌گه‌ن، نه‌ك ئه‌وه‌ی بتوانن داهێنانی تێدا بكه‌ن. دووه‌م، له‌م چه‌ند ساڵه‌یی دواییدا ده‌رفه‌ت درا به هه‌موو كه‌سێك بتوانێت ماسته‌ر و دوكتۆرا بخوێنێت و خوێندنهكهیش شتێكی ڕۆتین بووه و هه‌موو كه‌سێك توانیویه‌تی لێی ده‌ربچێت. له كوێی دونیا بووه، كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك له تاقیكردنه‌وه‌ی توانست كه‌وتبن، دوایی به بڕیارێك هه‌موویان ده‌ربچوێندرێن! له كوێی دونیا بووه مامۆستای زانكۆ مانگی كتێبێك نه‌خوێنێته‌وه! ڕه‌نگه تۆ بپرسی ئه‌ی ئه‌و هه‌موو نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دوكتۆرایه نووسراون، ناچنه ناو بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه؟ نامه‌ی ماسته‌ر و دوكتۆراكانمان زۆربه‌یان ئاستیان ئه‌وه‌نده نزمه له پڕۆژه‌ی ده‌رچوونی به‌كالۆریۆس ده‌چن. بابه‌ته‌كانیان ئه‌وه‌نده ساده و سواون هیچ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی. تۆ سه‌یركه ئه‌و مامۆستایانه‌ی له گفتوگۆكاندا توندن و ڕه‌خنه‌ی جددی ده‌گرن، بۆ گفتوگۆكان بانگ ناكرێن، كه‌چی مامۆستا هه‌یه له مانگێكدا له زیاد له چوار گفتوگۆدا به‌شداره، باشه ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه چۆن توانی هه‌ر چواریان بخوێنێته‌وه و تێبینی جددیش بنووسێت؟ تۆ سه‌یركه گفتوگۆی نامه‌ی ماسته‌ر و دوكتۆراش له‌سه‌ر بنه‌مای براده‌رایه‌تی و نه‌رمینواندنه له كاتی گفتوگۆكه‌دا. بۆیه‌یش تاكو ئێستا زانكۆ نه‌یتوانیوه به‌شدارییه‌كی كارا له پێشكه‌وتن و نوێبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی كوردی ببینێت. ئه‌وانه‌ی هه‌نه له ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ ئه‌نجام ده‌درێن. تۆ تاكو ئێستا بینیوته یه‌ك نامه‌ی ماسته‌ر، یان تێزی دوكتۆرا له كاتی گفتوگۆكردنیدا ڕه‌ت بكرێته‌وه؟ ئێ خۆ به گوێره‌ی یاسا ده‌توانرێت ئه‌مه بكرێت، ئه‌گه‌ر نامه‌كه لاواز بوو. تۆ بچۆ ئه‌و گفتوگۆیانه دانیشه سێ سه‌عات، یان پێنج سه‌عات گفتوگۆ ده‌كرێت و هه‌زار ڕه‌خنه ده‌گیرێت و له چه‌ندانیان دانیشتوومه گوتوویانه ئه‌مه‌ت له فڵان كه‌س بردووه، ئێره‌ت وایه و ئه‌و به‌شه‌ت به كه‌ڵك نایه‌ت، دوایه له ئه‌نجام ده‌ڵێن به پله‌ی زۆرباشه وه‌گیرا! ئه‌رێ ئه‌مه كۆمیدی نییه. دیسان ده‌پرسم ئه‌گه‌ر ئه‌و لێشاوه نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دوكتۆرایه پله‌ی نایاب و زۆرباشه‌ی باڵایان وه‌رگرتبێت بۆ تاكو ئێستا حاڵی ڕه‌خنه و ئه‌ده‌بی كوردی وایه؟ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر نووسه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ نه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌مانه، ئه‌ویش نامێنێت. ده‌زانم لێشاوێك خه‌ڵك ئه‌م واقیعه‌یان پێ هه‌رس ناكرێت و، ڕه‌نگه بڵێن یه‌جگار وایش نییه، منیش ده‌ڵێم ئه‌مه وێنه گشتییه‌كه‌یه، ده‌نا تاكوته‌را مامۆستا و نامه و تێزی دوكتۆرامان هه‌ن زۆر جێی شانازین.”