چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە شەش هەزار تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە

لە هەرێمی کوردستان، رۆژانە زیاتر لە شەش هەزار تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە، مانگانەش نزیکەی 10 ملیار دینار، لەلایەن حکومەتەوە بۆ پرۆسەی کۆکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خاشاک خەرجدەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (19ی کانوونی یەکەمی 2022) ئاراس فوئاد، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و چارەسەری خۆڵ و خاشاك لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ماڵپەری فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوت” قەبارەی خاشاکی کۆکراوە بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت، بەگشتی شەش هەزار بۆ شەش هەزار و 500 تۆن لە رۆژێک دایە، پرۆسەی کۆکردنەوە و گواستنەوەی خاشاک و خاوێنکردنەوە، بەپێی تایبەتمەندیی شوێنەکان دەگۆڕدرێت، لە شوێنی نیشتەجێبوون رۆژێک نا رۆژێک کۆدەکرێتەوە، لە بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان، رۆژانە کۆدەکرێتەوە، لە گوندەکانیش هەفتانە جارێک یان دوو جار کۆدەکرێتەوە”.

بە گوتەی ئاراس فوئاد، تێچووی مانگانەی کۆکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خاشاک، لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەگاتە 9 ملیار و 952 هەزار 755 دینار.

لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خاشاکدا، 32 گرێبەست واژۆکراون، لەو چوارچێوەیەشدا رۆژانە بەگوێرەی سنووری جوگرافی دیاریکراو، کۆمپانیاکان خاشاک کۆدەکەنەوە.

لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا، خاشاک لە دوای کۆکردنەوەی، لە دەرەوەی شارەکان دەخرێتە ژێر خاکەوە، بەڵام دوو پرۆژەی جیاکردنەوەی خاشاک هەیە لە سنووری پارێزگای دهۆک و قەزای ئامێدی، لە سنووری سلێمانیش پرۆژەیەک هەیە بۆ گۆڕینی خاشاک بۆ وزەی جێگرەوە، بۆیە رێژەیەکی کەمی خاشاک دووبارە بەکاردەهێندرێتەوە و زۆرینەی خاشاکی هەرێمی کوردستان، بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە، سوودی لێوەرناگیرێت