سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پیرۆزبێت ڕۆژی ئاڵای كوردستان

زیلان سارمەمی

ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی گرنگه‌ له‌ دیرۆكی گه‌لی كوردستان، ڕۆژی ڕێزگرتنه‌ له‌ هێماو سیمبۆڵی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كوردستان، كه‌ ئه‌ویش ئاڵای به‌رز و شه‌كاوه‌ی كوردستانه‌. بێگومان ئاڵا بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه ‌و گه‌لێك ماناو چه‌مكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، بۆ ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد و گه‌لی كوردستانیش كه‌وا چه‌ندین ساڵه له‌پێناو مانه‌وه ‌و خۆپاراستن و وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانمان‌ له‌ خه‌بات و به‌رخودان داین، ئاڵا مانا و ده‌لاله‌تی خۆی هه‌یه‌؛ به‌ر له‌هه‌رشتێك، ئاڵای كوردستان بووەته‌ به‌شێك له‌ ناسنامه‌ی گه‌لی كوردستان و له‌ بۆنه‌‌ و ڕێوڕه‌سمه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تیی بوونی گه‌لی كوردستان ده‌كات و ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌وا گه‌لی كوردستان ئاماده‌یی له‌و بۆنه ‌و ڕێوڕه‌سمانه‌دا هه‌یه‌، له‌هه‌مان كاتدا ئاڵای كوردستان بووەته‌ بەرگی هه‌زاران شه‌هیدی كوردستان، بۆیه‌ وه‌كو وه‌فا و ڕێزگرتن له‌ گیان به‌ختكردنی شه‌هیدان پێویسته‌ هه‌موو كات ڕێز له‌ ئاڵای كوردستان بگرین و بیپارێزین و به‌ به‌رزی و شه‌كاوه‌یی بیهێڵینه‌وه‌.
گه‌لی كوردستان به‌درێژایی مێژوو ڕووبه‌ڕووی هێرش و په‌لاماری دوژمنان بۆته‌وه‌و زوڵمی لێ كراوه ‌و چه‌وسێنراوه‌ته‌وه‌، گه‌لی كوردستان خۆڕاگرانه‌ به‌رگری له‌خۆی كردووه‌و خۆی پاراستووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو زوڵمه‌ی كه‌وا له‌ گه‌لی كوردستان كراوه‌، به‌ڵام گه‌لی كوردستان هه‌میشه‌ باوه‌ڕی به‌ به‌خشنده‌یی و لێبورده‌یی و به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان هه‌بووه ‌و ده‌ستی دۆستایه‌تی و هاوكاری بۆ هه‌موو لایه‌ك درێژكردووه ‌و هه‌میشه‌ پشت و په‌نای لێقه‌وماوان بووه‌، بۆیه،‌ ده‌توانین بڵێین ئاڵای كوردستان ئاڵای خۆڕاگری و به‌رخودانه‌، ئاڵای به‌خشنده‌یی و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ ژیان و دۆستایه‌تی و هاوكارییه‌، ئاڵای كوردستان سیمبوڵی به‌هاناوه‌هاتنی لێقه‌وماوان و چه‌وساوانه‌.
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه‌ باسمان كردن پیرۆزییه‌كی مه‌زن به‌ ئاڵای كوردستان ده‌به‌خشن. شانازییه‌ بۆ گه‌لی كوردستان كه‌وا خاوه‌ن ئاڵایه‌كی به‌و شێوه ‌و ڕه‌نگه‌ بێت، بۆیه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كمانه‌ ساڵانه‌ڕۆژی ئاڵا به‌رز ڕابگرین و یادی بكه‌ینه‌وه ‌و به‌ هه‌موو لایه‌كیڕابگه‌نین ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه‌كانی ئاڵای كوردستان گوزارشت له‌ خه‌بات و تێكۆشان و ئاشتیخوازیی و خۆری ئازادی و سروشتی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌هه‌مان كاتدا ده‌توانین بڵێین ئاڵای كوردستان ئاڵای به‌خشنده‌یی و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ ژیان و خۆڕاگری و به‌رخودانه‌ و شانازی پێوه ‌ده‌كه‌ین.
به‌رز و شه‌كاوه‌ بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان .. سه‌ركه‌وتن بۆ پێشمه‌رگه‌ و كوردستان ئاوه‌دان.